رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەوحە لەلایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەرەوە پێشوازی لێکرا. سەردانەکە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی قەتەرە.
دیوانی میریی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، لە دیدارێکدا کە لە کۆشکی (لوسەیل) بەڕێوەچوو، "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی شێخ تەمیم بن حەمەد و خێزانی فەرمانڕەوای قەتەر کرد بۆ کۆچی دوایی شێخ حەمەدی باوکیان."
لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جیا لە میری قەتەر، هەریەک لە شێخ عەبدوڵڵا بن حەمەد ئال سانی، جێگری میر؛ شێخ جاسم بن حەمەد ئال سانی، نوێنەری تایبەتی میری قەتەر؛ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لەگەڵ ژمارەیەک لە شێخ و کوڕانی میری کۆچکردوو ئامادە بوون.

رۆژی یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026 حکومەتی قەتەر هەواڵی کۆچی دوایی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی وڵاتەکەی لە تەمەنی 74 ساڵیدا راگەیاند، کە لە ساڵی 1995 تاوەکو 2013 سەرکردایەتیی قەتەری کردووە.
شێخ حەمەد وەک یەکێک لە ئەندازیارە سەرەکییەکانی بنیاتنانی قەتەری نوێ و مۆدێرن سەیر دەکرێت و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، وڵاتەکە گەشەسەندنێکی زۆر خێرای ئابووری بەخۆیەوە بینی.


.jpg&w=3840&q=75)
