رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "سوپای ئەمریکا هانی کەشتییەکانی داوە و پاڵی بە هەندێکیانەوە ناوە بۆ ئەوەی هەوڵبدەن لە رێڕەوێکی نایاساییەوە بەنێو تەنگەی هورمزدا تێپەڕن."
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئاگادارکردنەوەکانی سەنتەری چاودێریی ئاسایشی کەشتیوانییان پشتگوێ خستووە، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی سەرپێچیکاریان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و لەکاریان خستوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمن لە تەنگەی هورمزدا، دەبێتە هۆی دواخستنی کردنەوەی تەنگەکە و قەیرانێکی وزەی جیهانی دروست دەکات."
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاندبوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری نیشتمانییان لە رێڕەوی باشووری تەنگەی هورمز، لەنێو ئاوەکانی عوماندا، بە دوو مووشەکی ئێرانی کراونەتە ئامانج.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردبوو، بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییەوە، ئەندامێکی تیمی یەکێک لە کەشتییەکان کوژراوە و هەشتی دیکەش بریندار بوون، کە برینی چواریان سەختە.
هەروەها روونیکردەوە کە هێرشەکە زیانی ماددیی بە هەردوو کەشتییەکە گەیاندووە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر تێیاندا، بەڵام توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا سەرکۆنەی ئەو رووداوە کراوە و بە "هێرشێکی ئاشکرا" ناو براوە کە "پێشێلکارییەکی مەترسیدار و شکاندنێکی روونی یاسای نێودەوڵەتییە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات."
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لەوەش کردەوە کە مافی تەواوی خۆیان دەپارێزن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەڵکشانە و گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی خاکەکەیان.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، بەئامانجگرتنی کەشتییەوانیی بازرگانی و بەکارهێنانی تەنگەی هورمز وەک ئامرازێک بۆ گوشار یان باج سەندن، بە کردەوەی چەتەیی دەریایی دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختیشی لەسەر پێویستیی راگرتنی هێرشە دوژمنکارییەکانی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی تەواوەتی و بێ مەرج، کردەوە.



