رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کۆتاییان بە دوایین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە و لە ئۆپەراسیۆنێکی پێنج کاژێریدا لە رێگەی چەکی وردپێکێنەوە، بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکاوە.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە کاژێر 10:15 خولەکی شەوی دووشەممە، 13ـی تەممووز بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، کە دەکاتە 5:15 خوولەکی بەیانیی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر، کۆتاییان بە نوێترین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەمیانی ئۆپەراسیۆنە 5 کاژێرییەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری ئێران پێکا، لەنێویاندا لە بوشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبو مووسا و بەندەر عەباس."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەبەست لەم هێرشانە "بۆ زیاتر کەمکردنەوە و لەنێوبردنی تواناکانی ئێرانە لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان."
سێنتکۆم روونیکردووەتەوە: "هێزەکانمان چەک و تەقەمەنیی زۆر وردیان دژی سیستمەکانی بەرگریی کەناراویی ئێران، بنکەکانی مووشەک و درۆن، هەروەها تواناکانی دەریایی ئەو وڵاتە بەکارهێناوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا هاتووە: "ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراون. هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە کارکردن بە وریایی، هێزی کوشندە و ئامادەیی تەواوەوە."



