رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، لە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی ئەرتەش لە بەمپووری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، 7 سەربازی سوپا کوژران. سوپای ئێران دەڵێ، وەڵامی تووندی دەبێت.
ئەمڕۆ 15ی تەممووزی 2026 ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە ئاراستەکردنی 13 مووشەک شوێنی حەوانەوەی یەکێک لە سەربازگەکانی هێزی زەوینیی سوپای ئێرانیان لە ناوچەی بەمپووری کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، لەو هێرشەدا 7 ئەندامی هێزەکانیان لە لیوای 388ی ئێرانشەهر کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، کە ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدان.
سوپای ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئەو سەربازانە مسۆگەرە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، سوپا بە هاوکاریی هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئێران، وەڵامێکی تووندی ئەمریکا دەداتەوە."
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەندین ناوچە لە باشووری ئێران بەردەوامە.
رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026 سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەستیان بە وەشاندنی گەڕێکی دیکەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردووە." سێنتکۆم دەڵێت، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی توانای تارانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان.
.jpg&w=3840&q=75)


