رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی پێنجشەممە 16-7-2026 ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران چڕتر کردەوە و ئامانجەکانی زیاتر لە باکووری وڵاتەکە بوون، سوپای ئەمریکا تەقەیان لە کەشتییەکیش کرد کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی سەرئێرانی دابوو، لەبەرامبەردا ئێران بەرەبەیان بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و بەحرەین، ئوردن و کوێتی کردە ئامانج و هۆشداریشی دا رەنگە هێرشەکانی زیاتر بن.
چەند رۆژێکە هێرشی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نوێبوونەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر تەنگەی هورمز رێککەوتنی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێرانیان لەنێوبرد، ناوچەکە لەبەردەم گرژی زیاترە، هێرشەکانی ئەو چەند رۆژەی ئەمریکاش بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 35 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە.
بۆ یەکەمجار لە هێرش و شەڕی چەند رۆژی رابردوودا، هێرشەکان گەیشتنە ناوچەکانی دەوروبەری تاران، ئەمەش نیشانەی روونی فراوانبوونی گرژی نێوان هەردوولا و کردنە ئامانجی رووبەرێکی فراوانترە لەلایەن ئەمریکاوە.
کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا جەنگیان دژی ئێران دەستپێکرد، تاران تەنگەکەی بە رووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا داخست، ئەم هەنگاوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پەیین و زۆربەی کاڵاکانی دیکە.
ئیبراهیم زوڵفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران، هەڕەشەکانی ئێرانی تووندتر کرد و گوتی "ئەگەر هەڕەشەکەی ترەمپ جێبەجێ بکرێت، تەواوی ژێرخانی ناوچەکە لەژێر لێدانە پۆڵایینەکانی هێزە چەکدارە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەهاڕدرێن."
بەرزبوونەوەی نرخەکان ئاڵنگارییە لەبەردەم ترەمپ، کۆمارییەکان دەیانەوێ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمدا کۆنترۆڵی کۆنگرێس بپارێزن، ترەمپ کە ئەمشەو قسە بۆ گەلەکەی دەکات رۆژانە هەڕەشەلەئێران دەکات، کێشەشی بۆ دروستبووە لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 15-7-2026 گەمارۆ دەریاییەکەی بەسەر ئێران سەپاندەوە، هەوڵی نێوەندگیرانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە سەرکەوتوو نەبووە.
شەوی رابردوو ترەمپ جارێکی دیکە جەختی کردەوە ئێران ئامادەیە بۆ بە رێککەوتنی ئاشتی، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستە ڕوو.
ترەمپ لە لووتکەی بەرگری و داهێنان لە پەنسلڤانیا رایگەیاند : "ئەوان ( ئێران) حەزیان بەوە نییە ئێمە دەیکەین و دەیانەوێت رێکبکەون، سەیر دەکەین بزانین رێکدەکەوین یان کۆتاییان پێدەهێنین؟".
سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیالیش رایگەیاند تاران ئاماژەی باشی پێشانداوە بە ئازادکردنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بە هەڵە لە ئێران دەستبەسەر کراوە" وردەکاری زیاتری بڵاونەکردەوە. جارید گێنسەر، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند "دینا کەراری" هاووڵاتییەکی ئەمریکی-ئێرانییە و رێکخراوێکی قازانج نەویست بەڕێوەدەبات و تۆمەتبار کرابوو بە سیخوڕی.
ئێران دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو کەسەی پشتڕاست نەکردەوە.
میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا لە بەرەبەیانی پێنجشەممە 16-7-2026 دەوروبەری تارانیان پێکاوە، هەروەها رایگەیاندووە هێرشە ئەمریکییەکان پارێزگای سمنانیان کردووەتە ئامانج، ئەو شارە ناوەندی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی ئێرانە.
میدیاکانی ئێران هەروەها بڵاویان کردەوە، هێرش لە دەوروبەری پارێزگاکانی هەمەدان، هورمزگان، خوزستان، لوڕستان، مەرکەزی و سیستان و بەلوچستان کراون.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند تەقەی لە کەشتی نەوتهەڵگری "بێلما" (Belma) کردووە ئاڵای 'کوراچاو'ـی لەسەر بووە و بەرەو دوورگەی خارگ، وێستگەی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کەنداو دەڕۆیشت. دوای ئەوەی کەشتییەکە "چەندین هۆشداریی پشتگوێخست"، فڕۆکەیەکی ئەمریکی بە تەقاندنی مووشەکێک بۆ ناو دووکەڵکێشی کەشتییەکە، کەشتییە بازرگانییەکەی لەکارخست.
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، هێرشێکی دیکەی ئەمریکا لە رۆژی چوارشەممەدا 15-7-2026 سەربازگەیەکی لیوای 388ـی پیادەی ئێرانی کردووەتە ئامانج لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، بەپێی میدیای ئێران لانی کەم 13 مووشەک ئاراستەی ئەو سەربازگەیە کراون، حەوت کەس کوژراون، ژمارەیەک سەربازیش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە، ئێرانیش بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر بەحرەین، ئوردن و کوەیت، دیار نییە زیانەکان چی بوون.
لە هەولێریش، شەوی چوارشەممە 15-7-2026 هەشت درۆن لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە زمانی کوردی و عەرەبی سەرکۆنەی کرد و رایگەیاند: "هیچ چاوپۆشییەک لە بەرامبەر ئەو هەوڵە تاوانکارییانە ناکرێت.''
پەیامەکەی زەیدی هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی بۆ واشنتن کە تێیدا یەکێک لە پرسەکان چەکدانانی گرووپەکانە.
گرژی و ئاڵۆزییەکان لەسەر داهاتووی تەنگەی هورمزە پرسی چۆنیەتی دووبارە کردنەوەی تەنگەکە ئەمریکای سەرقاڵ کردووە لەو کاتەوەی ئێران لە رۆژانی سەرەتای جەنگدا دایخستووە.
لە کاتی رێککەوتنە کاتییەکەدا، هەندێک کەشتی دەستیان کرد بە جووڵە لە ڕێڕەوەکەوە بە بەکارهێنانی رێگەیەکی نزیک لە عومان کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تارانە.
لە رۆژانی ڕابردوودا، ئێران هێرشیکردە سەر ئەو کەشتیانەی ئەو رێگایەیان بەکاردەهێنا و هێرشی دوولایەنە دروست بوو. ئەمریکا هەڕەشەی کردووە بە هێز تەنگەکە دەکاتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەمە پێویستی بە کەشتیگەلی زۆر گەورەتر یان دەیان هەزار سەرباز هەیە. سەپاندنی گەمارۆش رێگەیەکی دیکەیە بۆ گوشار خستنە سەر ئێران.
لەنێو ئەو ئاڵۆزییانەدا نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوەیە، نەوتی خاوی برێنت، ، رۆژی پێنجشەممە بە زیاتر لە 85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش زیاتر لە 15٪ بەرزترە لە نرخی پێش جەنگ، بەڵام هێشتا زۆر لە خوار ئەو 120 دۆلارەیە کە لە لووتکەی جەنگەکەدا تۆمارکرا.


