رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رایگەیاند، بۆ پێنجەم شەو لەسەر یەک، هێرشیان کردووەتەوە سەر ئێران. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکان کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، واتە 9:00ی ئەمشەو بەکاتی هەولێر، دەستیان پێکردووە.
سێنتکۆم دەڵێت: "ئەمڕۆ کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، بۆ پێنجەم شەو لەسەر یەک، دەستمان بە شەپۆلە هێرشێکی نوێ کرد بۆ سەر ئێران بۆ کەمکردنەوەی زیاتری توانا سەربازییەکانی."
رۆژی پێنجشەممە 16ـی تەممووز، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر کۆنترۆڵکردنی تەنگەی ستراتیژیی هورمز تووندتر بوو. ئەمریکا چەندین ناوچەی ئێرانی بۆردوومان کرد و لە بەرامبەریشدا ئێران هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو.
ئەم پێکدادانە نوێیانە تەنیا مانگێک دوای ئەوە دێن کە هەردوولا گەیشتبوونە رێککەوتنێکی کاتی بۆ راگرتنی ئەو شەڕەی لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستیپێکردبوو.
سێنتکۆم رایانگەیاند، چەندین ئامانجی سەربازییان لەنێو ئێران بۆردوومان کردووە، بۆ ئەوەی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز کەمبکەنەوە.
لە ئەهواز بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکاوە بۆ سەر ناوچەیەک لە باشووری رۆژئاوای ئێران، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجەی منداڵان چۆڵکرا.
هانی، مامۆستایەکی تەمەن 34 ساڵ لە ئەهواز دەڵێت: "هێرشەکان زۆر قورس بوون، دەستم دەلەرزی. لانی کەم 11 بۆ 12 تەقینەوە روویاندا، گوێچکەم خەریک بوو دەتەقی."
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەم هێرشەی بە "دڕندانە" ناوبرد.
لە سمنان و تاران میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە مووشەک بەر فڕۆکەخانەی سمنان لە باکووری ئێران کەوتووە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیش لە تاران کارا کراوە. هەروەها هێرش کراوەتە سەر دوورگەی قیشم و بەندەری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران.
بەپێی ئاماری حکومەتی ئێران، لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 30 کەس لە هێرشەکانی ئەمریکادا کوژراون.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئوردن.
هەروەها وڵاتانی کوێت و بەحرێن رایانگەیاند، رووبەڕووی هێرشی درۆنیی ئێران بوونەتەوە و زەنگی مەترسییان لێداوە.
لە هەولێریش، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، 8 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی شارەکە خستووەتە خوارەوە.
کێشەی تەنگەی هورمز و هەڕەشەکان
ئێران رایگەیاندووە، تەنگەی هورمز کە رێڕەوێکی زۆر گرنگە بۆ نەوت و گازی جیهان، دادەخاتەوە تاوەکو ئەمریکا هێرشەکانی رانەگرێت.
ئەمریکاش لە بەرامبەردا گەمارۆی خستووەتەوە سەر بەندەرەکانی ئێران و تەنانەت تەقەی لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کردووە کە ویستوویەتی گەمارۆکە بشکێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن، ئەوا هێرش دەکاتە سەر پرد و وێستگەکانی کارەبا لە ئێران. لە بەرامبەریشدا سوپای ئێران هۆشداریی دا:
سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، کۆشکی سپی دەڵێت ترەمپ هێشتا دەرگای بۆ "دیپلۆماسی و دانوستان" کراوەیە و ئێرانییەکانیش دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن. بۆ نیشاندانی نیازپاکیش، ئێران هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی دینا کەڕاڕی کە لە ساڵی 2024ـەوە لە ئێران زیندانی کرابوو، ئازاد کرد و ترەمپیش سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ئەو کارە.

