رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرگای دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران بە کراوەیی جێهێشتووە و جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای دەستپێکردنەوەی شەڕ، واشنتن هێشتا لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدایە.
ئەم لێدوانانە رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ترەمپ سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە دەستبەسەرکرابوو، کە ئەمەش وەک هەنگاوێکی دیپلۆماسیی نوێ سەیر دەکرێت.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "سەرۆک [ترەمپ] لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات کاتێک پشت لەو بەڵێنانە دەکەن کە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان داوە. بەڵام لەهەمان کاتدا هەمیشە دەرگای بۆ دیپلۆماسی کراوەیە."
هەروەها گوتیشی: ئێرانییەکان "رایانگەیاندووە، هێشتا دەیانەوێت لەگەڵ سەرۆک رێکبەون. ئێمە قسەیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، سەرۆک رێگە نادات ئەوان هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان لە تەنگەکەدا بێ ئەوەی باجەکەی بدەن."
ئەو ئاگربەستە ناسکەی کە لە مانگی حوزەیراندا رێککەوتنی لەسەر کرابوو، ئێستا لە لێواری داڕمانە، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا چەندین هێرشی کردە سەر ئێران، بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای ئەو وڵاتە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز.
ترەمپ هۆشداریشی داوە کە رەنگە هێرشەکانی فراوانتر بکات و وێستگەکانی کارەبا و پردەکان بکاتە ئامانج، مەگەر ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.

