رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێ و فراوانی هێرشەکانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران "بە سەرکەوتوویی" تەواو کردووە و دەڵێت ئەمە شەشەمین شەوی یەک لە دوای یەکی هێرشەکانە بۆ سەر ئەو وڵاتە. رۆژی پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، کاژێر 21:40ی شەو بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (رۆژی هەینی، کاژێر 4:40ی بەیانی بەکاتی هەولێر) هێزەکانیان دوایین شەپۆلی هێرشە گەورەکانیان بۆ سەر ئێران تەواو کردووە. دەشڵێت، لە هێرشەکاندا فڕۆکەی جەنگی، درۆنی هێرشبەر و کەشتیی جەنگی بەشدار بوون و چەکی وردیان بۆ پێکانی ئامانجەکان بەکارهێناوە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئەمریکا دەیان ئامانجی سەربازیی ئێرانی پێکاوە، لەوانە پێگەکانی چاودێری و راداری کەناراوەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی ئێران و لاوازکردنی تواناکانی ئێران. ئەم هێرشانە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان) ئەنجامدراون. سێنتکۆم دەڵێت، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانە، لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە و "بەرپرسیار دانانی تارانە" بەرامبەر ئەو کارانەی ئەنجامیان دەدات. لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم دا هاتووە، 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوەیان پێکراوە. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان "بە ئاگا، کوشندە و ئامادەی" هەر ئەگەر و پەرەسەندنێکی نوێن لە ناوچەکەدا. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و ئاگربەستە کاتییەکەی نێوانیان بە تەواوی هەرەسی هێناوە، ئەمەش ترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیری لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست17-07-2026هێزەکانی ئەمریکا چوونە سەر کەشتییەک لە عومان؛ گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران تووند دەکرێتەوە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست16-07-2026هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە باکووری وڵاتەکە چڕ دەبێتەوە و تارانیش هەڕەشە دەکات