راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیێنێت، سیاسەتی دووفاقی "هەم شەڕ و هەم دانوستاندن" بە تەواوی کۆتایی هاتووە و گوتیشی: "ئێستا ستراتیژیی ئێران لەسەر بنەمای بەرگریی پێشوەختە و وەڵامی چاو بەرامبەر بە چاو داڕێژراوە". ئەمشەو هەینی، موحسین رەزایی بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، هەرچەندە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە جەنگی 12 رۆژەی رابردوودا دانبەخۆداگرتنیان نیشان دا تاوەکو گرژییەکان ناوچەکە نەگرێتەوە، بەڵام بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا، ئێستا ئاستی جەنگەکە بووەتە ناوچەیی. گوتیشی: "کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بۆ دوو ئامانجی سەرەکییە؛ دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی ئاسایشی ئابووریی جیهان." ئێران لە بەرگرییەوە دەچێتە قۆناخی هێرشکردن راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دا، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ 2 تاوەکو 3 رۆژی دیکە بەردەوام بن، "ئێران لە قۆناخــی بەرگرییەوە دەچێتە هێرشبەری و تێکشکاندنی تەواوەتی. لەو حاڵەتەدا سەرباز و بنکە ئەمریکاییـەکان لە دەرەوەی سنوورە سیاسییەکانیش دەکرێنە ئامانجی راستەوخۆ." رەزایی داوای لە وڵاتانی ناوچەکە (کوێت، ئوردن، قەتەر و ئیمارات) کرد کە "رێگری لە سەرکێشییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن." ئەو جەختی کردەوە کە رادەستکردنی تەنگەی هورمز بە ئەمریکا واتا دەستپێکی جەنگی جیهانیی سێیەم دژی هێزە گەورەکانی وەک چین و رووسیا و، ئێران هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکات. هێڵی سووری نەبەزێنراو موحسین رەزایی باسی لە دوو دۆسیەی سەرەکی کرد کە نایانەوێت دانوستاندنــیان لەسەر بکەن؛ یەکەم: وەرگرتنی تەواوی قەرەبووی زیانە ئابوورییەکان. دووەم: تۆڵەکردنەوەی خوێنی رێبەری پێشوو. رەزایی دەڵێ: کوژرانی رێبەر وەک مەرجەعێکی ئایینی، بەزاندنی گەورەترین هێڵی سووری وڵاتە و "بێدەنگی بەرامبەر ئەم تاوانە، سیستمی ئاسایشی نیشتمانی هەڵدەوەشێنێتەوە؛ بۆیە تۆڵەکردنەوە چیدیکە تەنیا بابەتێکی سۆزدارانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی شکۆی سەرکردایەتیی وڵات."