رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕیان کردە سەر پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران. بەهۆی هێرشەکانەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەس بریندار بوون. زیانێکی زۆریش بە ژێرخانی ئاو و رێگەوبانی ناوچەکە گەیشت.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری ئەمنی و سیاسی، ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگاکە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکانی ئەمریکا ژێرخانی دابینکردنی ئاو و کارەبای ناوچەکەشی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی هورمزگان رایگەیاند، لە بەردەوامیی هێرشەکاندا وێستگەی شیرینکردنی ئاوی "بۆنجی" لە رۆژئاوای شارستانی جاسک کراوەتە ئامانج. هێڵی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی 20 گوندی دەوروبەری وێستگەکە کە نزیکەی 10 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، بە تەواوی پچڕاوە و ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانی بێئاوی بووەتەوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیاکە، لەم هێرشەدا وێستگەی پەمپی راکێشانی ئاوی خاو لە دەریاوە، لەگەڵ گۆڕەڕی کارەبای تایبەت بە وێستگەی بۆنجی کە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار و 150 مەتر سێجا ئاوی هەبووە، بە تەواوی تێکشکێندراون.
بۆردوومانکردنی پرد و توونێلەکان و داخرانی رێگە سەرەکییەکان
پارێزگاریی هورمزگان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا، زیانیان بە چوار خاڵی سەرەکیی رێگەوبانەکانی پارێزگاکە گەیاندووە.
لە درێژەی هێرشەکاندا، توونێلی "شەهید میرزایی" لەسەر رێگەی بەندەر عەباس - حاجی ئاوا و دوو پردی گواستنەوەی سەرەکی کراونەتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان و تێکشکێندراون. بەهۆی زیان گەیشتن بە توونێلی شەهید میرزایی، رێگەی چوون و هاتن لەم ناوچەدا تاوەکو کاتێکی نادیار بە تەواوی داخراوە.
هاوکات سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران، رایدەگەیەنێت بەهۆی تێکچوونی بەشێک لە پرد و توونێلەکانی هورمزگان لە ئەنجامی هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەشێک لە رێگەکانی دەرچوونی پارێزگاکە بەرەو پارێزگاکانی فارس و کرمان بە شێوەیەکی کاتی داخراون.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر رێگەی بەندەر عەباس - بەندەر خەمیر - لار و رێگەی بەندەر عەباس بەرەو حاجی ئاوا و کرمان بە تەواوی پەکیکەوتووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی لە گرنگترین رێڕەوەکانی دەرچوونی پارێزگای هورمزگاندا.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا( سێنتکۆم ) شەوی رابردوو رایگەیاند، بۆ حەوتەمین شەوی لەسەریەک، هێرشیان کردووەتە سەر ئێران. هاوکات دەستیان بە زنجیرە هێرشێکی نوێ بۆسەر باشووری ئێران کرد. لەبەرامبەریدا سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە وەکو، کوێت، بەحرێن و ئوردن.


.jpg&w=3840&q=75)
