رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز بگرێتە دەست و ئەو رێککەوتنانە پەراوێز دەخات کە پێشتر کراون. رۆژی شەممە، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، بەگوێرەی مادەی 5ـی یاداشتی لێکتێگەیشتن، بە روونی جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بە راوێژ لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە بێت، بەڵام واشنتن بە لەبەرچاو نەگرتنی ئەم رێککەوتنە، دەیەوێت کۆنترۆڵی ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بکات. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە داکۆکی لە هەنگاوەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "رێکارە سنووردارکەرەکانی ئەم دواییەی ئێران لە تەنگەی هورمز، وەڵامدانەوەیەکی بەرپرسانە بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستدرێژکارانەی کە دەیانویست ئەم رێڕەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن." بەقایی دەڵێت: "ئێران بڕوای وایە سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەستوەردانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن کە هەمیشە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی جەنگ و تووندوتیژی." ئاماژەی بەوەش کرد، ناوچەکە لە قۆناخێکی هەستیاردایە و چیدیکە بێدەنگی بەرامبەر ئەو دەستوەردانانە نانوێنن کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئەنجام دەدرێن تاوەکو ئاسایش بگەیێندرێتەوە لووتکە.
ئێران18-07-2026موجتەبا خامەنەیی سوپاسی عێراقییەکان دەکات؛ "بەشدارییە ملیۆنییەکە هاوکێشەکانی ناوچەکەی گۆڕی"