رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامەنەیی، پەیامێکی سوپاسگوزاریی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و بەشداریی فراوانی ئەوانی لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامەنەیی، بە "داستانێکی گەورە" وەسف کرد.
رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامەکەیدا ستایشی هەڵوێستی عێراقییەکانی کرد و رایگەیاند: "گەلی عێراق بەو مێژووە کولتووری و ئایینییەی هەیەتی و بەو پەیوەندییەی لەگەڵ مەزارگە پیرۆزەکان هەیەتی، دیمەنێکی گەورەی لە پێشوازیکردن و ماڵئاواییکردن لە تەرمی رێبەری شەهید تۆمار کرد، کە ئەم بەشدارییە گوزارشت بوو لە قووڵیی پەیوەندیی موقاوەمە."
ئەم پەیامەی رێبەری نوێی ئێران دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی 8ـی ئەم مانگە، رێوڕەسمێکی فراوان بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامەنەیی لە شاری کەربەلا و نەجەف بەڕێوەچوو و زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشدارییان لەو رێوڕەسمەدا کرد.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو رێوڕەسمە لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران، رێبەری ئێران دەڵێت: "ئەو ماڵئاواییە ملیۆنییە بەرجەستەکردنی تەبایی، برایەتی و یەکڕیزیی رێبازی نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئێران بوو."
ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشدارییە فراوانەکەی عێراقییەکان لەو رێوڕەسمە، "هەموو هەوڵەکانی بۆ تێکدانی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات پووچەڵ کردەوە و بووە هۆی بەهێزکردنی هۆشیاری و گۆڕینی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا."
عەلی خامەنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە 28ـی شوباتی 2026 لە ئەنجامی بۆردوومانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تاران کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامەنەیی کوڕی وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە دیاری کرا.



