رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هێرشیان کردە سەر یەکدی، حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان بۆ سەر سعودیە راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 20-07-2026 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "گەمارۆی دەریایی دژی دووژمنی تاوانباری سعودی، لەسەر بنەمای 'چاو بەرامبەر چاو' لەکاتی دەرچوونی ئەم راگەیێندراوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
سەریع گوتی، ئەم هەنگاوە لە وەڵامی گەمارۆدانی "بەندەر و فڕۆکەخانەکان"ـی حووسییەکان و بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی (سەنعا) دێت لە هەفتەی رابردوودا. گوتیشی، "گەمارۆ بە گەرمارۆ وەڵام دەدەینەوە."
گوتەبێژەکەی حووسییەکان هۆشداریی دا و گوتی: "هەر کارێکی گەمژانە لەلایەن دووژمنی بێباکی سعودییەوە بکرێت، وەڵامێکی گشتگیر و یەکلاکەرەوەی دەبێت."
هەفتەی رابردوو، پێکدادانەکان لە جەنگی یەمەن کە ماوەیەک بوو کپ ببوو، سەریانهەڵدایەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، حووسییەکان چەند مووشەکێکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی شاری (ئەبها) لە باشووری سعودیە کرد. ئەمەش دوای ئەوە هات کە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی (سەنعا) بۆ رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەک کە لە ئێرانەوە هاتبوو و شاندێکی حووسییەکانی هەڵگرتبوو. حووسییەکانیش ریاز، کە پشتیوانیی حکومەت دەکات، بەم هێرشە تۆمەتبار دەکەن.
زیاتر لە 10 ساڵە، هەر فڕۆکەیەک بیەوێت بچێتە ئاسمانی یەمەنەوە، پێویستە پێشوەختە رەزامەندی لەو هاوپەیمانێتییە وەربگرێت کە سعودیە رابەرایەتیی دەکات و پشتیوانی لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن دەکات.
لە چوارچێوەی جەنگی غەززەدا، پێشتر حووسییەکان هێرشیان کردبووە سەر کەشتییەکان لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور، ئەمەش وایکرد کەشتییەکان رێگەی دوورودرێژ لە دەوری ئەفریقادا بگرنەبەر.
دەریای سوور بەندەری (یەنبەع)ـی سعودیەی لێیە، کە لە رێگەیەوە ریاز توانیویەتی ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە بکات، وەک جێگرەوەیەکیش بەکاردێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە تەنگەی هورمز.


.jpg&w=3840&q=75)
