رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە سێ بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ 21ی تەممووزی 2026، ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێران باڵەخانە کارگێڕییەکان و راداری رێدۆز لە بنکەی "عەریفجان"، شوێنی وەستانی هەلیکۆپتەرەکان لە سەربازگەی "عەدیری"، و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکای لە بنکەی "ئەحمەد جابر" لە کوێت کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە گرنگی بنکەکان کراوە و تێیدا هاتووە: "بنکەی (عەریفجان) یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی جێگیربوونی هێزەکان و بارەگای سەرکردایەتیی هێزی وشکانیی ئەمریکا لە باشووری رۆژئاوای ئاسیا. هەروەها بنکەی (عەدیری) شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکانی ئەپاچی، شینۆک و بلاک هۆکی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکایە. بنکەی "ئەحمەد جابر"یش رۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی پێداویستی و پشتیوانیی لۆجستیی سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا دەگێڕێت و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و چاودێرییەکانی ئەو وڵاتە هەیە."
ئەرتەشی ئێران هەر لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئاسایشی ناوچەکە بەهۆی رەفتارەکانی هێزەکانی ئەمریکاوە تێکچووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکاوە هەوڵ دەدەن ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێننەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا(سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەندین ئامانجی ستراتیژییان لەنێو ئێران بۆردوومان کردووە، لەنێویاندا؛ ناوەندەکانی فەرماندەییی سەربازی، توانا دەریاییەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن و هەروەها سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.

.jpg&w=3840&q=75)

