رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا دەڵێن، لە هێرشەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر یەکدی، 13 سڤیل کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. ئۆکراینا دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە بۆ سەر چەند شارێکی وڵاتەکەی هەشت کەس کوژراون. لە بەرامبەردا، رووسیا رایگەیاند، لە هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینادا بۆ سەر پاسێک لە هەرێمی بێلگۆرۆد پێنج کەس کوژراون. رۆژی دووشەممە 20-07-2026 ئەلێکساندەر شوڤایێڤ، پارێزگاری بە وەکالەتی بێلگۆرۆدی رووسیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، لە شارۆچکەی (شیبێکینۆ) کە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە، درۆنێکی ئۆکراینا پاسێکی نەفەرهەڵگری کردووەتە ئامانج. شوڤایێڤ گوتی: "بەهۆی هێرشەکەوە پێنج سڤیل کوژراون کە یەکێکیان مێرمنداڵە، هەروەها 23 سڤیلی دیکەش بریندار بوون." لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، لە هێرشەکانی رووسیادا بۆ سەر شارەکانی (پاڤلۆگراد و کراماتۆرسک) لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە چوار کەس کوژراون. هاوکات بەهۆی بۆردوومانەکانی رووسیا بۆ سەر هەرێمەکانی ئۆدێسا و زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکرایناش، چوار کەسی دیکە کوژراون. رووسیا دەڵێت، پێشتر هەر رۆژی دووشەممە، ئۆکراینا دەیان درۆنی ئاراستەی مۆسکۆ کردووە، بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە و لانیکەم 10 کەس بریندار بوون. ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، دانوستاندنەکانی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە کە نزیکەی چوار ساڵ و نیوە بەردەوامە، چەقیون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، ژمارەی ئەو سڤیلانەی لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا لە ئۆکراینا کوژراون، لە هەموو مانگەکانی دیکە لە دوای نیسانی 2022ـەوە زیاترە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026کوێت بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەداتەوە؛ لە بەحرێنیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026نوێترین پێشهاتەکان: ئێران هێرشی تووندتر دەکات و حووسییەکان هەڕەشەی گەمارۆی دەریایی لە سعودیە دەکەن