رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 21ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەربازیی ئەمریکا، لەنێویاندا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە وڵاتانی بەحرێن و کوێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی نێو ئێران.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران لە دوو بنکەی جیاوازی ئەمریکا لە بەحرێن، دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوەیەکی رادارییان پێکاوە. هەروەها لە کوێتیش، سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی، رادار و سیستەمی وەرگرتنی زانیاریی مانگە دەستکردەکانیان کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا، هۆشدارییەکی تووندی داوەتە ئەمریکا و دەڵێت: "بە کوێرکردنی ئەم رادارانە، دەبێت دوژمن خۆی بۆ شەپۆلێکی یەکلاکەرەوەتر و بەهێزتری هێرشی درۆنی و مووشەکی ئامادە بکات."
لە لایەکی دیکەشەوە، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری ئارتەشی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کە ئەوانیش لەرێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر "سێ بنکەی گەورەی ئەمریکا لە کوێت".
بەپێی زانیارییەکان، لەو هێرشانەدا باڵەخانەی کارگێڕی و دەزگا بەرگرییەکان لە بنکەی سەربازیی عەریفجان، گۆڕەپانی راگرتنی هێلیکۆپتەرەکان لە بنکەی عودەیری و "باڵەخانەی نیشتەجێبوونی سەربازان" لە بنکەی ئاسمانیی ئەحمەد جابر کراونەتە ئامانج.
ئەم راگەیێندراوانەی ئێران لە کاتێکدان، کە پێشتر لە بەرەبەیانی هەمان رۆژدا ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا، ناوەندەکانی فەرماندەییی سەربازی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانیان بۆردوومان کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

