رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، کۆی ئەو زیانانەی لە جەنگی ئەم دوایییەدا بەر کەرتی پیشەسازی و مەدەنی پارێزگاکە کەوتوون، بە نزیکەی 3.5 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
محەممەدڕەزا مەوالیزادە، پارێزگاری خوزستان رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن رایگەیاند، لە جەنگەکەدا 64 یەکەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی، کە زیاتر لە کەرتی پۆڵا و پێترۆکیمیاویدان، لەوانەش کۆمپانیای پۆڵای خوزستان و ئاتیەی خاوەرمیانە، هێرشیان کراوەتەسەر.
پارێزگاری خوزستان سەبارەت بە وردەکارییەکانی زیانەکانی جەنگ لە پارێزگای خوزستان گوتی: "لە کەرتی حکومیدا 4.3 تریلیۆن تمەن زیان بە 156 یەکەی باڵەخانە، خزمەتگوزاری و تەندروستی کەوتووە، کەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی پارێزگاکە بە 26 تریلیۆن تمەن زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کارگەکانی پۆڵا و پێترۆکیمیاوییەوە هەیە."
مەوالیزادە هەروەها رایگەیاند: "زیانەکان لە کەرتی ژێرخانەکانی وزەدا 4.2 تریلیۆن تمەن، کشتوکاڵ 2.8 تریلیۆن تمەن و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانیدا 2.2 تریلیۆن تمەن بووە، هەروەها لە ئەهواز 554 یەکەی نیشتەجێبوون پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکەشدا نزیکەی 6 هەزار و 800 یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە کە ٪60یان دەبێ بڕووخێندرێن."
پارێزگاری خوزستان روونیکردەوە، زیانی شوێنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان 200 ملیار تمەن و زیانی کەرتی گواستنەوەش 43 ملیار تمەن بووە.
بەگوتەی پارێزگاری خوزستان، "25 یەکەی پیشەسازیش لە شارە پیشەسازییەکانی خوزستان زیانیان بەرکەوتووە کە زیانەکانی بە شەش تریلیۆن تمەن خەمڵێندراوە." هەروەها لە هێرشەکان بۆ سەر ئەو کەرتەدا، پێنج کەس کوژراون و 15 کەسیش بریندار بوون.
لە جەنگی 40 رۆژەدا، پارێزگای خوزستان بە سەختی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا و پیشەسازییە قورسەکانی ئەو پارێزگایە، بەتایبەت پیشەسازییەکانی پۆڵای ئەهواز و پیشەسازییە پێترۆکیمیایییەکان کرانە ئامانج.
ماوەی 10 رۆژە لەسەر یەک، سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە و پارێزگای خوزستان یەکێک لەو پارێزگا کەناراواییەکانی ئێرانە، کە زۆرترین هێرشیان لەسەرە.
وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاندووە، لە 10 رۆژی رابردوودا 95 شوێن لە 12 شاری ئەو پارێزگایە کراونەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە 8 کەس کوژراون.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
