رووداو دیجیتاڵ
ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، لە کاژێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لەڕێگەی درۆنەکانی جۆری 'ئارەش'ـەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی 'شێخ عیسا'ی هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرێن.
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران رۆژی 21ی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە چوارچێوەی قۆناخی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی "هەورەبرووسکە"دا کراوە و تێیدا شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوونی سەربازانی ئەمریکا لەو بنکەیە کراوەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بنکەی ئاسمانیی "شێخ عیسا" لە بەحرێن یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوەکانی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا و وەک ناوەندێکی سەرەکیی فەرماندەیی بۆ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان و کۆنترۆڵکردنی درۆنەکان بەکاردەهێنرێت.
ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی رێگری لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران دەکرێت، "ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی بەردەوام دەبێت".
دە رۆژە ئەمریکا و ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی دەستپێکردووتەوە. ئەمڕۆ ئەمریکا لە گەڕێکی نوێی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران ناوچەکانی، کونارەک، دەوروپشتی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، چابەهار، سیریک، بەندەری لەنگە و بەندەر عەباسی بۆردوومانکرد.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
