رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو نەوتهەڵگری "سەرپێچیکار" دەیانویست لە رێڕۆیێکی مەترسیدار لە باشووری تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، تەقێندراونەتەوە و ئاگریان گرتووە.
سوپای پاسداران ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوی ژمارە 34یدا کە بە ئایەتی "قاتلوهم حتی لاتکون فتنه" دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە، دوو نەوتهەڵگری سەرپێچیکاری تەقاندووەتەوە کە بە فریوی سوپای ئەمریکا ویستوویانە لە رێڕەوی باشووری تەنگەی هورمزەوە تێپەڕن.
سوپای پاسداران دەڵێت، تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن خەریکی گواستنەوەی ستافی ئەو کەشتییانەن لە ناوچەکە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و دەڵێت: "پێویستە کۆمپانیاکان پارێزگاری لە سەلامەتیی ستاف و کەشتییەکانیان بکەن، متمانە بە زانیارییە چەواشەکارییەکانی سوپای ئەمریکا نەکەن و خۆیان لە رێڕەوە مەترسیدار و ئاڵۆزەکان بەدوور بگرن".
سوپای پاسداران جەخت لە داخستنی تەنگەی هورمز دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "تاوەکو ئەو کاتەی شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و تەنانەت یەک دڵۆپ نەوت و گاز، یان یەک کیسە پەینی کیمیایی لە ناوچەکەوە هەناردە ناکرێ".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا(سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەندین ئامانجی ستراتیژییان لەنێو ئێران بۆردوومان کردووە، لەنێویاندا؛ ناوەندەکانی فەرماندەییی سەربازی، توانا دەریاییەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن و هەروەها سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
