رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت: وڵاتەکەی بۆ خراپترین سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا ئامادەیە و باس لەوەش دەکات، هەر کاتێک بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران دابین بکرێت و "دووژمن هێرشمان نەکاتە سەر، جەنگ دەوەستێت."
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، عەلی زەینی وەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران، سەبارەت بە جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا و ئەگەری راگرتنی جەنگەکە رایگەیاند: "ئێمە لە هیچ قۆناخێکی مێژوودا دەستپێشخەری شەڕ نەبووین. هەر کاتێک بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران دابین بکرێت و دووژمن هێرشمان نەکاتە سەر، جەنگ دەوەستێت. لەم کاتەدا هیچ رێگەیەکی دیکەمان جگە لە بەرگری لەبەردەمدا نییە."
زەینی وەند گوتی: "بەرپرسانی وڵات کاتێک بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ دەدەن کە بەرژەوەندیی نیشتمانی، ئاسایشی نیشتمانی، سەربەخۆیی و شووناسی وڵات پارێزراو بێت."
سەبارەت بە توانای سەربازی و ئامادەکارییەکانی تاران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران هۆشداری دایە واشنتن و گوتی: "خۆمان بۆ هەموو دۆخێک و خراپترین سیناریۆکان ئامادە کردووە و ئامادەکاریی پێویست بۆ دۆخی قەیراناوی کراوە. ئەمە جەنگە. ئەگەر لە ژێرخانەکانمان بدەن، ژێرخانیان دەکەینە ئامانج. ئەگەر شوێنە سەربازییەکانمان بکەنە ئامانج، ئێمەش شوێنە سەربازییەکانیان دەکەینە ئامانج. دەستمان لە بواری سەربازیدا هێندە پڕە کە هیچ کێشەیەکمان نییە و دووژمن لە جێی خۆی دادەنیشێنین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی زەینی وەند ئاماژەی بە دۆخی نێوخۆ و سنوورەکان کرد و رایگەیاند: "کۆنترۆڵی تەواو بەسەر بابەتە ئەمنییەکاندا هەیە، چ لە سنوورەکان و چ لە هەر شوێنێک کە پێویستی بە چاودێری هەبێت."
سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و سەردانەکەی ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ پاکستان و ئەگەری گواستنەوەی پەیام بۆ ئەمریکا، عەلی زەینی وەند گوتی: "پاکستان نێوەندگیری سەرەکیی ئێمەیە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا. لە سەردانی وەزیری ناوخۆ بۆ پاکستان و لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا، ئەگەر بابەتێک لەم بوارەدا هەبێت، دەگوازرێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێگەی دیپلۆماسی لە کاتی شەڕدا کردەوە و گوتی: "لە هەموو شەڕەکاندا بابەتی دانوستاندن و نێوەندگیری هەیە، بەتایبەت کاتێک لایەنی بەرامبەر وڵاتێکی وەک ئەمریکا بێت. هیچ بابەتێکی شاراوە لە خەڵک نییە و هەر رێککەوتنێک کە ئێران واژۆی کردبێت، پابەندی بووە، وەک چۆن لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015 و پێش ئەوەش لە رێککەوتنی سەعدئاباد، سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی خۆیەوە پابەند مایەوە."
سەبارەت بە میکانیزمی بڕیاردان لە ئێران بۆ دانوستاندن، زەینی وەند رایگەیاند: "بڕیارەکانی وڵات لە بواری سیاسەتی دەرەوە و دانوستاندنەکان لە چوارچێوە یاساییەکان و پێکهاتە فەرمییەکانی سیستمدا دەدرێن و هیچ کەس یان دامەزراوەیەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار نادات. گۆڕەپانی سەربازی پشتیوانی پێشخستنی دیپلۆماسییە و دیپلۆماسییش دەستکەوتەکانی سەربازی جێگیر دەکات."
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران تیشکی خستە سەر ستراتیژی نوێی واشنتن دژی تاران و رایگەیاند: "دووژمن لە شکستپێهێنانی سەربازیی ئێران بێهیوا بووە و بە هیچ فێڵێک ناتوانێت ئەم کارە بکات، بەڵام ئێستا سەرنجی خۆی خستووەتە سەر گوشاری کۆمەڵایەتی."
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە کاتێکدایە، لە 11یەمین شەوی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زیاتر لە 20 شار بۆردوومان کران کە بەشێکیان دەکەونە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵی نێوەندگیرەکان بەتایبەت پاکستان و قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن. لەو چوارچێوەیەشدا، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانی پاکستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.



