رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، ئەگەر پێ بنێنە نێو خاکی ئێران، رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی ملیۆنان هاووڵاتیی وڵاتەکە دەبنەوە کە "بە هەرچییەک لە توانایاندا بێت" شەڕیان لەگەڵدا دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران لە کاتی سەردانێکیدا بۆ یەکەکانی هێزی وشکانی، بەرگریی ئاسمانی و هێزی ئاسمانیی ئەرتەش لە پارێزگای ئێسفەهان رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا "پێی پیسی" بخاتە نێو خاکی ئێران، ملیۆنان کەس بەرامبەریان دەوەستنەوە و بە هەرچی لە دەستیاندا بێت، بەرپەرچیان دەدەنەوە".
حاتەمی سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ واشنتن گوتی: "ئێمە تەقە لە ئەمریکییەکان دەکەین، پێویستە ئەوان بزانن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێکی خاوەن پێگەیە".
حاتەمی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەرتەش لە شەڕی 40 رۆژەدا کرد کە "فڕۆکەیەکی جۆری ئێف-5 (F-5) لە ئەرکێکدا، بنکەیەکی بۆردومان کردووە کە سیستمی بەرگریی پاتریۆت، فڕۆکەکانی ئێف-15 و ئێف-16ی تێدابووە و بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە".
هەر لەو بارەیەوە گوتی: "هێزی ئاسمانیی ئەرتەش کارێکی گرینگی کردووە کە لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و دووژمن نازانێت ئەم شەرمەزارییە بۆ کوێ ببات، چونکە ئەمریکا لە ئەنجامی ئەو ئەرکەدا، سێ فڕۆکەی جۆری ئێف-15ی خۆی خستووەتە خوارەوە."
حاتەمی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لەوە دڵنیا بوون کە ئەمریکا پابەندی لێکتێگەیشتنەکە نابێت و "تووشی گەمژەیی دەبێت"، هەربۆیە تەنانەت یەک چرکەشیان لەدەست نەداوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای شەڕکەری خۆیان.
ئەمڕۆ یازدە رۆژە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیپێکردووەتەوە و ئەمریکا هێرشەکانی لە باشووری ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە فراوانتر کردووە و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زیاتر لە 20 شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردوومانکردووە. لەبەرامبەردا ئێرانیش بنکەکانی ئەمریکای لە کوێت، بەحرێن و ئوردن کردووەتە ئامانج.



