رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی
هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە
سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، هاوکات
ئاماری جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتەشی بڵاوکردەوە.
سێنتکۆم لە
راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاژێر 10:30 خولەکی شەوی 22ـی تەممووز بە کاتی
رۆژهەڵاتی ئەمریکا، کە دەکاتە 5:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 23ـی تەممووز بە کاتی
هەولێر، هێزەکانیان شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران تەواو کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە:
"هێزەکانی ئەمریکا ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکا، لەنێویاندا
تواناکانی هێزی دەریایی، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، پێگەکانی چاودێریی کەناراوەکان و
سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی. ئەم هێرشانەش توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر دەریاڤانە
سڤیلەکان و کەشتییە بازرگانییەکان زیاتر کەم دەکەنەوە."
فەرماندەیی ناوەندیی
هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە: "لەم مانگەدا، هێزەکانی ئەمریکا دەیان
پێگەی سەربازیی ئێرانیان لەسەر وشکانی کردووەتە ئامانج، لە کاتێکدا گەمارۆی
دەریایی سەر ئێران دەستی پێکردووەتەوە."
هەروەها ئاماری
گەمارۆکەشی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ، سێنتکۆم رێڕەوی 9 کەشتیی
بازرگانی گۆڕیوە و یەک کەشتیشی لەکارخستووە، بۆ ئەوەی رێگری بکات لە چوونەژوورەوە
یان دەرچوونی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێرانەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا هاتووە: "زیاتر لە 50 هەزار
سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەرکدان و بەردەوامن لەسەر پەیڕەوکردنی
ئەوپەڕی وریایی، هۆشیاری، هێزی کوشندەیی و ئامادەیی تەواو."


.png&w=3840&q=75)
