رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئێران. جێگری پارێزگاری خوزستان دەڵێت، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر شەلەمچە، دوو کەس کوژراون و 11ـی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026، وەلییوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین ناوچەی پارێزگاکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کراوە.
وەلییوڵڵا حەیاتی، بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان گوتی، لە هێرشێکدا بۆ سەر دەروازەی سنووریی شەلەمچەی پارێزگاکە، لانیکەم دوو کەس کوژراون و 11 کەسیش بریندار بوون.
شەلەمچە دەروازەیەکی سنوورییە لەنێوان ئێران و عێراق کە دەکەوێتە رۆژئاوای خوڕەمشار لە پارێزگای خوزستان و نزیکترین خاڵی سنوورییە لە شاری بەسرەی عێراق کە زۆرترین هاتووچۆی زیارەتکارانی پێدا دەکرێ.
بەگوتەی جێگری پارێزگاری خوزستان، ئەمریکا هێرشێکی مووشەکیشی کردووەتە سەر چەند خاڵێک لە شاری ئەندیمێشک، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە.
12 شەوی لەسەر یەکە ئەمریکا دەستی بە بۆردوومانکردنی ناوچە جیاجیاکانی ئێران کردووەتەوە و بەگوتەی خۆیان، مەبەستیانە توانای سەربازیی ئێران لە تەنگەی هورمز تێکبشکێنن و رێڕەوێکی ئازاد بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بکەنەوە.
لە بەرامبەردا ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە.



