رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندەرەکان و کەشتیوانیی هورمزگانی باشووری ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا، دوو بەلەمی خێرا تێکشکێنران. راشیگەیاند، ''بەلەمەکان تایبەت بە فریاگوزاری بوون نەوەک سەربازی.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندەرکان و کەشتیوانیی پارێزگای هورمزگانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، دوو بەلەمی خێرای گەڕان و فریاگوزاریی دەریایی بە ناوەکانی ''ناجی 15'' و ''ناجی 16'' لەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندەرکان و کەشتیوانیی هورمزگان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانێکی زۆر بەر بەلەمەکان کەوتووە و تێکشکێنراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەرکی بەلەمەکان تەنیا فریاگوزاری بووە، نەوەک سەربازی.
تێکشکانی ئەو بەلەمانە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە وەڵامدا ئێرانیش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سوپای کوێت لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە چەندین درۆن لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکە کراون و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنیان کارا کراوە.



