رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت کردووەتە ئامانج. راشیگەیاند، چەندین سەربازی ئەمریکی کوژراون و بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان، بە درۆن دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە هێرشەکەدا کۆگەیەکی گەورەی کەرەستەی سەربازی، سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و شوێنی راگرتنی درۆنەکانی جۆری MQ9ی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی (عەلی ئەلسالم)ـی کوێت پێکاوە.
هاوکات سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکی لە بنکەی (ئەلعودەیری)ـی کوێت، ''کە جگە لە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزە دەستدرێژیکارەکان، زیانێکی گەورەش بە هێلیکۆپتەر و درۆنەکانیان گەیشتووە.''
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاوەرەکانی پەیوەندی لە ئێران، تاوەرێکی پەیوەندییان لە کوێت تێکشکاندووە.
سوپای پاسداران پەیامێکیش ئاراستەی خەڵکی کوێت دەکات و دەڵێت، هەندێک جار دەگوترێت ئێران بە هێرشەکانی سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و سەروەریی وڵاتانی پێشێل کردووە، لە کاتێکدا ئەو جۆرە هەڵسەنگاندنە بە تەواوی هەڵەیە. ئەوە ئەمریکایە سەروەریی خاکی ئێوە پێشێل دەکات.
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە وەڵامدا ئێرانیش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سوپای کوێت لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە چەندین درۆن لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکە کراون و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنیان کارا کراوە.



