رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایدەگەیێنێت: چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر دەروازەی سنووریی عەبدەلی و تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "مافی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئێرانمان هەیە".
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی کوێت لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: چەند جارێک بە درۆن لە دەروازەی سنووریی عەبدەلی دراوە.
ئەو هێرشانەی ئێران لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر رێگەی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن، لە بەرامبەر ئەمەشدا هێزەکانی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی شەپۆلی 26ـەمی ئۆپەراسیۆنی (نەسر-2) بە هێرشێکی تێکەڵاو بنکەی سەربازیی ئەلعودێری ئەمریکایان لە کوێت کردە ئامانج."
لەلایەکی دیکەوە لە کاردانەوەی ئەو رووداوانەدا، حکومەتی کوێت رایگەیاند: "هێرشە بەردەوامەکانی ئێران مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کوێت بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و دەڵێت: "شێوازە دووژمنکارانەکەی ئێران هیچ پاساوێکی نییە."


