رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق راگەیاند، چەند رێڕۆیێکی نوێی کاتیی ئاسمانی بۆ بەستنەوەی هەردوو پایتەختی عێراق و ئێران (بەغدا و تاران) دەستنیشان کراون.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رایگەیاندووە: "کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی گەشتە ئاسمانییەکان، ئاگادارییەکی فەرمی (NOTAM) ئاراستەی چاودێرانی ئاسمانی کردووە، تێیدا هاتووە رێڕۆی نوێی کاتیی ئاسمانی بۆ گەشتەکانی چوون و هاتن لە نێوان ناوچەی زانیارییەکانی فڕینی بەغدا و ناوچەی زانیارییەکانی فڕینی تاران دروستکراون. ئەم رێکارە لە ئەمڕۆوە، واتە 23ی تەمموزی 2026، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ئەحمەد عیماد ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، دەڵێت: "دروستکردنی ئەم رێڕۆیانە لەسەر بنەمای هاوئاهەنگیی راستی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بووە. ئامانجمان رێکخستنی جووڵەی ئاسمانی و ئاسانکاریی گەشتەکانە لە نێوان هەردوو ناوچەکەدا، بە شێوەیەک، کارایی کایەی ئاسمانیی عێراق بەرز بکاتەوە و کاتی فڕین و خەرجی سووتەمەنی بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کەم بکاتەوە."
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانە ستراتیژییەکانی کۆمپانیاکە بۆ نوێکردنەوەی بەڕێوەبردنی جووڵەی ئاسمانی و پەرەپێدانی تۆڕی رێگا ئاسمانییەکانی عێراق.
ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی گەشتەکانە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی (ICAO)، هاوکات پێگەی عێراق وەک رێڕۆیێکی ئاسمانیی گرنگ و ئارام لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.



