رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری خوزستان پشتڕاستی کردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر ناوەندی پارێزگاکە، لانیکەم چوار کەس کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، سوپای ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر چەندین شاری ئێران. وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، چەند ناوچەیەک لە ئەهوازی ناوەندی پارێزگاکە، بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
بەگوتەی وەلیوڵڵا حەیاتی، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەدا، لانیکەم چوار کەس کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
وەک جێگری پارێزگای خوزستان دەڵێت، چەند ناوچەیەکیش لە شارەکانی خوڕەمشار، ئومێدییە و ئەندیمێشک کراونەتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئیستا زیانەکان دیار نین.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە هێرشی درۆنی و مووشەکیی سەر وڵاتانی ناوچەکە.



