رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی لقی کەهنووجی سوپای پاسدرانی ئێران دەڵێ، مووشەکێکی تۆماهۆکی ئەمریکییان لە ئاسمانی پارێزگای کرمان تێکشکاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان، وەڵامێکی تووند، یەکلاکەرەوە و کوشندەی دەبێت.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، حەسەن سەنجەری، فەرماندەی لقی کەهنووجی سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە درێژەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا، مووشەکێکی کروزی جۆری تۆماهۆکیان لە ئاسمانی شارەکە تێکشکاندووە.
بەگوتەی حەسەن سەنجەری، لە ئەگەری تێپەڕبوونی مووشەکەکە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، ناوچەیەکی سڤیل دەکرایە ئامانج.
فەرماندەی لقی کەهنووجی سوپای پاسداران هۆشداریش دەداتە ئەمریکا، ''هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان، وەڵامێکی تووند، یەکلاکەرەوە و کوشندەی دەبێ.''
کەهنووج دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و سەر بە پارێزگای کرمانە کە هاوسنوورە لەگەڵ شارەکانی فاریاب و روودانی پارێزگای هورمزگان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە هێرشی درۆنی و مووشەکیی سەر وڵاتانی ناوچەکە.


