رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان پشتڕاستی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکە، دوو کەس بریندار بوون. میدیای فەرمیی ئێرانیش بڵاوی کردووەتەوە، لە بروجێردی سەر بە لوڕستانیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، سەعید پوور عەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردووەتەوە سەر خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکە.
بەگوتەی سەعید پوور عەلی، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەدا، لانیکەم دوو کەس بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
جێگری پارێزگاری لوڕستان بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی بۆردوومانەکان گوتی، قەبارەی زیانەکان نازانرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە، لە شاری بروجێردی لوڕستانیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومی هیچ زانیارییەکیان لەوبارەوە نەخستووەتەڕوو.
برینداربوونی ئەو دوو کەسە لە خوڕەمئاوا لەکاتێکدایە، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکادا بۆ سەر ئەهوازی خوزستان، چوار کەس کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە بەندەر عەباسیش برینداربوونی دوو کەسی دیکە پشتڕاست کراوەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ 13ـیەم رۆژی لەسەریەک ئەمریکا هێرشی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران. لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەردەوامن لە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.


