رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 24-07-2026، ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی نایە قۆناخێکی دیکەی ئاڵۆزییەکان؛ تاران هەڕەشە داراییەکانی ترەمپی بە "پێشینەیەکی سووتێنەر" ناوبرد، لە کاتێکدا بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ناوخۆی ئێرانیان بۆردوومان کرد و بەهۆی هێرشی حووسییەکانیشەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دا زیاتر بەرزبووەوە.
تاران وەڵامی هەڕەشە داراییەکەی ترەمپ دەداتەوە
تاران رایگەیاند، هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی کەشتییەکان لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران "پێشینەیەکی سووتێنەر و مەترسیدارە". پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو واشنتن دەست دەکات بە بەکارهێنانی ئەو سەرمایە بلۆککراوانەی ئێران لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادان، بۆ دانەوەی "هەر زیانێک بەر کەشتی، بار یان هەر شتێکی پەیوەندیدار" لە ناوچەکەدا بکەوێت.
بەردەوامیی بۆردوومانەکان و پێکانی دوورگەی قیشم
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، کە شەوی پێنجشەممە، 23-7-2026 بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی نێوخۆی ئێران، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند، مووشەکەکانی ئەمریکا شاری ئەهوازیان لە نزیک سنووری عێراق پێکاوە، هەروەها دەنگی تەقینەوە لە شاری بەندەر عەباس و ناوچەی ئومیدیە بیستراوە. هاوکات ئاژانسی "تەسنیم" بڵاویکردەوە، مووشەکێکی ئەمریکی لە نزیک شارۆچکەی "سوزا" لە دوورگەی قیشم لە تەنگەی هورمز کەوتووەتە خوارەوە.
کوێت لەژێر هێرش و ناڕەزایەتیی کۆنگرێس
بەرگریی ئاسمانیی کوێت بەرپەرچی چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانی دایەوە، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر دەروازەیەکی سنووریی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق. سوپای کوێت رایگەیاند: "بەرگرییە ئاسمانی خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشە دووژمنکارییەکانی ئێرانن."
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی سیمبولیان پەسند کرد تێیدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن ''کردەوە سەربازییەکان'' دژی ئێران رابگرێت؛ بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە هەر جۆرە پێکدادانێک بکێشێتەوە، مەگەر ئەوەی کۆنگرێس بە فەرمی مۆڵەتی شەڕی پێ بدات.
هێرشی حووسییەکان و هەڕەشەی "سزای سەربازی"
هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە دەریای سوور، کاردانەوەی تووندی ئەورووپای لێکەوتەوە. ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم هێرشانە مەترسیی فراوانبوونی شەڕ زیاد دەکەن، بەریتانیا بە "رەفتاری بێباکانە" وەسفی کرد و کایا کێڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش هێرشەکانی بە "نایاسایی و قبووڵنەکراو" ناوبرد.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆری کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال"ـەوە، هەڕەشەی "سزایەکی گەورەی سەربازی" لە حووسییەکان کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت چونکە حووسییەکان بریکاری ئەوانن؛ ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، ئێران و حووسییەکان رووبەڕووی سزایەکی سەخت دەبنەوە."
نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن" و بەرەو دۆخێکی "چاوەڕواننەکراو" دەچن.
ئەم پەرەسەندنانە بازاڕی وزەی جیهانییان هەژاند؛ نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 8٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 101.93 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی سووکی ئەمریکاش (WTI) بە رێژەی 7.6٪ هەڵکشا و گەیشتە 93.44 دۆلار.
بەریتانیا دیپلۆماتەکانی لە تاران کشاندەوە
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی، هەموو کارمەندە دیپلۆماسییەکانی لە تاران کشاندووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو شانشینە رایگەیاند: "بەهۆی بارودۆخی ئەمنی، ستافی بەریتانیا بە شێوەیەکی کاتی لە ئێران کشێنراونەتەوە و باڵیۆزخانەکەمان لە دوورەوە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی."

.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)