رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و ئاسایشی نێوخۆیی وڵاتەکە (شینبێت) بڵاویانکردەوە، تۆڕێکی نێودەوڵەتی سەر بە ئێرانیان هەڵوەشاندووەتەوە کە لە رێگەی بەکارهێنانی نێوەندگیرەوە هەوڵی دروستکردنی "شانەی تیرۆریستییان" داوە بۆ دزەکردنە نێو ئیسرائیل و بەئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، (مۆساد) و (شینبێت) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، بە بەکارهێنان و ئاشکراکردنی تاکتیکێکی نوێی ئێران کە بەکارهێنانی بریکار لە رێگەی بریکاری دیکەوەیە، توانیویانە تۆڕێکی "تیرۆریستیی جیهانیی ئێرانی" تێکبشکێنن.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، تاوەکو ئەم دواییانە سەرکردەکانی هەواڵگریی ئێران راستەوخۆ هەوڵی راکێشانی بیانییەکانیان دەدا بۆ هێرش دژی ئیسرائیل یان جووەکان لە جیهاندا. بەڵام لە تاکتیکە نوێیەکەدا، وەزارەتی هەواڵگریی ئێران نێوەندگیر بەکاردەهێنێت بۆ راکێشانی کەسەکان، بۆ ئەوەی راستەوخۆ تاران تێوەنەگلێت و تووشی کاردانەوە نەبێت. ئامانج لەم هەنگاوە ئەوە بووە کە ئەو بیانییانەی رادەکێشرێن، بە ئاسانی بتوانن دزە بکەنە نێو ئیسرائیل بۆ "کاری تیرۆریستی و تیرۆرکردنی بەرپرسان".
لە راگەیێندراوەکەدا ناوی چوار بەرپرسی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران هاتووە، کە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرپەرشتیی ئەم کارەیان کردووە، ئەوانیش: عەدالە بەهزادە ئوحساری، وەحید مەعسوومی، مەحموود حوسێن دووکی و حەمید قەسەمی. ئەم چوار کەسە بە کۆمەڵ و بە تاک کاریان لەسەر دۆزینەوەی نێوەندگیر کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە بابە مەحموودزادە حاجی جەفان کە ناسراوە بە بابەک و ئەحمەد نەدیم ییگیت کە بە نەدیم ناسراوە.
دواتر ئەم دوو نێوەندگیرە هاووڵاتییەکی موسڵمانی فەرەنسییان بەناوی تاروت ئۆزۆکۆر کە نازناوی فیلیپی لێنراوە راکێشاوە بۆ ئەوەی شانەیەکی ئۆپەراسیۆنی پێکبهێنێت، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان رۆڵی فیلیپیان ئاشکرا کرد و دەستبەجێ لە فەرەنسا دەرکرا.
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ئوحساری، یەکێک لە بەرپرسە ئێرانییەکان، لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سەرەتای جەنگی ساڵی 2026 لەگەڵ ئێران کوژراوە، بەڵام بابەک و نەدیم و کەسانی دیکە هێشتا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی ئێران.
(مۆساد و شینبێت) دەڵێن، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نێو ئەو تۆڕە لە چەندین قۆناخدا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ شاردنەوەیان، پەنجەمۆرەکانی ئێران لەنێو تۆڕەکەدا ئاشکرا بکەن. هەرچەندە روون نییە بۆچی ئیسرائیل ئێستا ئەم زانیارییانە بڵاودەکاتەوە، بەڵام دەردەکەوێت کە تەلئەڤیڤ هەوڵی کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی دەدات دژی ئێران.
لە مانگی نیسانی رابردووشدا، (مۆساد و شینبێت) لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، تۆڕێکی جیهانیی ئێرانیان هەڵوەشاندووەتەوە کە بەرپرسان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی لە جیهاندا کردبووە ئامانج. هاوکات، لە کاتی جەنگی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گەورە سەرکردەکانی ئەو تۆڕە کە سەر بە یەکەی چوار هەزاری هەواڵگریی سوپای پاسداران بوون، کوژران.
لە سەرەتای مانگی ئاداردا، ئازەربایجان پووچەڵکردنەوەی زنجیرەیەک هێرشی ئێرانی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باکۆ و کەنیسەیەک و سەرکردە جووەکانی ئەو وڵاتە راگەیاند. پێشتریش گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە مانگی نیسان دا رایگەیاندبوو، لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، گرووپە چەکدارەکان کە زۆربەیان یان هەموویان پاڵپشتیی ئێرانیان هەیە، زیاتر لە 30 باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)