رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، لە نزیک شارۆچکەی تەل لە باشووری رۆژئاوای شاری نابلس لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، گرژی و پێکدادانێکی خوێناوی روویدا. لە ئەنجامدا 4 فەلەستینی و دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران. ئەمەش دوای ئەوە هات خەڵکی شارۆچکەکە رووبەڕووی هێرشێکی چەکداریی جووە هاوردەکان بوونەوە.
دوای رووداوەکە، سوپای ئیسرائیل گەمارۆیەکی تووندی خستە سەر شارۆچکەکە و شاری نابلس. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی سەربازی کۆبووەوە و فەرمانیان دا بە دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان" لەو گوندانەی بە گوتەی خۆیان، "سەرچاوەی تیرۆرن لە کەرتی رۆژئاوا."
کێشەکە کاتێک دەستیپێکرد کە کۆمەڵێک جووی هاوردە بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی تەل و خەڵکە فەلەستینییەکە.
خەڵکی گوندەکەش بۆ پاراستنی ماڵ و زەوییەکانیان بە دەستی بەتاڵ رووبەڕوویان بوونەوە.
دوای ئەوە، سوپای ئیسرائیل دەستوەردانی کرد و بە چڕی تەقەی لە فەلەستینییەکان کرد، کە بەهۆیەوە 4 کەس لە یەک خێزان کوژران.
وەک سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە کاتی پێکدادانەکاندا گەنجێکی فەلەستینی توانیویەتی چەکی یەکێک لە پاسەوانە جووەکان ببات و تەقە لە سەربازەکان و جووە هێرشکارەکان بکات، کە بەهۆیەوە ئەو دوو سەربازە کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. دواتریش سوپای ئیسرائیل گەنجە فەلەستینییەکەی کوشتووە و چەکەکەی لێ سەندووەتەوە. رادیۆی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە تەقەکردنە لەلایەن گەنجە فەلەستینییەکەوە پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە.
لە فەلەستینییەکان 4 کەس کوژراون و 4 کەسیش بریندارن کە برینی 3 کەسیان سەختە و رەنگە ژمارەی کوژراوەکان بەرزببێتەوە.
لە ئیسرائیلییەکان دوو سەرباز کوژراون (یەکێکیان فەرماندەی یەکەی زرێپۆشە و ئەوەی دیکەیان سەربازە) و 3 کەسیش بریندارن کە یەکێکیان دۆخی سەختە.
چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە، 15 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئیسرائیل چوونە نێو شاری نابلس و هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەی تایبەتیی شارەکە. سوپا رایگەیاند کە لەنێو نەخۆشخانەکە دوو فەلەستینییان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان بریندارە و گوایە پەیوەندییان بە شەڕەکەی شارۆچکەی تەلـەوە هەبووە.
سوپای ئیسرائیل هێزێکی زۆری رەوانەی ناوچەکە کردووە و بەرپرسێکی سەربازیش دەڵێت: "ئامادەین بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە کەرتی رۆژئاوا، چونکە دەترسین دۆخەکە لە هەموو ناوچەکە تێکبچێت."
دواتریش نەتەنیاهوو و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری فەرمانیان دا بە:
1. رووخاندنی ماڵی ئەو گەنجە فەلەستینییەی تەقەی کردووە.
2. ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە لە گوندەکانی کەرتی رۆژئاوا.
3. دەستبەسەرداگرتنی چەک لە گوندەکان و وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە دانیشتووانەکەی.
4. دروستکردنی چەندین بنکەی نیشتەجێبوونی نوێ بۆ جووی هاوردە لە کەرتی رۆژئاوا.
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین هۆشداری دەدات کە حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێ ئەم رووداوە وەک بیانوویەک بەکاربهێنێت بۆ کۆمەڵکوژی و دەرکردنی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا.
حەماس و فەتح هەردووکیان سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد. حەماس بە "لەسێدارەدانی مەیدانی و تاوانی جەنگ" ناوی برد، فەتحیش گوتی ئەمە نیشانی دەدات کە "ئیسرائیل دەیەوێت خەڵکی فەلەستین دەربکات و شەڕی لەنێوبردنیان لەسەر جێبەجێ بکات."
ئەم رووداوانە دوای ئەوە دێن کە تەنیا یەک رۆژ پێشتر، زیاتر لە 4 هەزار جوو بە سەرپەرشتیی وەزیرە تووندڕەوەکانی وەک ئیتامار بن گڤیر، چوونە نێو مزگەوتی ئەقساوە.
حکومەتی ئیسرائیل رێگەی بە نیشتەجێبووە جووەکان داوە کە چەک هەڵبگرن و بە پاڵپشتیی سوپا هێرش بکەنە سەر گوندەکانی فەلەستین بۆ ئەوەی خەڵکەکە لە زەوییەکانیان دەربکەن و خانووی نوێ دروست بکەن. هەر بۆیە لە کاتی رووداوەکەی تەل، چەندین گوندی دیکە لە ناوچەکانی نابلس، جنین و توولکەرم رووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە و ماڵی خەڵکیان سووتاندووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە کەرتی رۆژئاوا 86 فەلەستینی کوژراون، کە 21 کەسیان بە دەستی جووی هاوردە کوژراون.



