رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، لە هەنگاوێکی دەگمەندا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەریەکە لە کوێت و بەحرێن بە نهێنی فڕۆکەی جەنگییان ناردووە بۆ ئەوەی بۆردوومانی ئامانجە سەربازییەکانی نێو خاکی ئێران بکەن.
ئەم هێرشانە لە سەرەتای ئەم مانگەدا کراون و ئامانج لێیان لێدانی ئەو کۆگایانە بووە کە ئێران درۆن و مووشەکی تێدا هەڵگرتوون.
ئەم دوو وڵاتەی کەنداو کە بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لێیە، ماوەی چەندین هەفتەیە بوونەتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئێران.
هەرچەندە هێزی ئاسمانییان بچووکە، بەڵام وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەنووسێت، بڕیاریان داوە چیدیکە بێدەنگ نەبن و رێگە نەدەن بەسەر تارانەوە بچێت. تەنانەت رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی کوێت رایگەیاند، ئێران وێستگەیەکی کارەبا و پاڵاوتنی ئاوی کردووەتە ئامانج.

ئیمارات کە لە سەرەتای شەڕەکەوە چەندین جار ئێرانی بۆردوومان کردووە، لەم هێرشە نوێیانەی کوێت و بەحرێندا یارمەتیدەر بووە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئیمارات زانیاریی هەواڵگریی پێداون و لە ئاسمانەوە پارێزگاریی لێکردوون، کە ئەمەش نیشانەی دروستبوونی هاوپەیمانییەکی عەرەبییە دژی ئێران.
لەلایەکی دیکەشەوە سعودیە کە پێشتر لەگەڵ ئیمارات هێرشی کردبووە سەر ئێران، ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەیە بۆ ئەوەی بزانێت چی بکات. بەڵام وڵاتانی وەک عومان و قەتەر هێشتا نایانەوێ تێوەبگلێن، بەڵکو هەوڵی نێوەندگیری دەدەن.
مەترسیی گەورە لەسەر ئابووریی کەنداو
وڵاتانی ناوچەکە هیوایان وابوو ئەم شەڕە زوو کۆتایی بێت، بەڵام ئێستا پێی ناوەتە مانگی پێنجەمییەوە. ئابووریی ئەم وڵاتانە زیانی گەورەی بەرکەوتووە، چونکە ئێران تەنگەی هورمزی بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە و هەناردەی نەوتی کەنداوی پەکخستووە؛ هەروەها بەهۆی گرژییەکانەوە کەرتی گەشتیاری وەستاوە و وەبەرهێنان لە مەترسیدایە. حووسییەکانی یەمەن گەمارۆیان خستووەتە سەر کەشتییەکانی سەر بە سعودیە لە دەریای سوور، کە ئەمەش کێشەکەی هێندەی دیکە قورس کردووە.
"بەردەوامبوونی ئەم شەڕە، خراپترین سیناریۆیە بۆ وڵاتانی کەنداو، چونکە ناهێڵێت وڵاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ناوبانگیان وەک ناوچەیەکی ئارام لەدەستدەدەن."
لەلایەکی دیکەشەوە عومەر کەریم، توێژەر لە زانکۆی بێرمینگهامی بەریتانی دەڵێ، وڵاتانی کەنداو تێگەیشتوون کە ئەم شەڕە درێژە دەکێشێت و دەبێت بە ئاشکرا رووبەڕووی ئێران ببنەوە بۆ ئەوەی رێڕەوە بازرگانییەکانیان بکەنەوە.
"وڵاتانی کەنداو خەریکە بیر لە گۆڕینی دەسەڵاتی تاران دەکەنەوە، چونکە پێیانوایە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە، واتە مانەوەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەوان."



