رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەی لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی عومان لە تاران کۆبوونەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گفتوگۆی ''بەرهەمدار'' کراوە بۆ دانانی میکانیزمێکی پارێزراو بە مەبەستی تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-07-2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا چەند گەڕێکی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و عومان لەسەر ئاستی یاریدەدەرانی وەزیرانی دەرەوە لە تاران بەڕێوەچوو.
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، لەو ماوەیەدا هەردوولا بە لەبەرچاوگرتنی ''مافە سەروەرییەکانی هەردوو وڵاتی کەنار'' بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە دانانی میکانیزمێکی پارێزراو بۆ بەڕێوەبردنی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا خستووەتەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆکانی نێوان تاران و مەسقەتی لەبارەی تەنگەی هورمز بە ''ئەرێنی و بەرهەمدار'' ناوبرد و دەڵێ، پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.
ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستەڕوو، دوای کۆبوونەوەکان، ئێوارەی دوێنێ شەممە شاندی عومان تارانی جێهێشتووە، ''بەڵام راوێژە تەکنیکی و سیاسییەکان لەنێوان هەردوولادا بەردەوامن.''
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز کە بووەتە چەقی ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن گوتی، ''هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆخی هاتووچۆی کەشتییەکان بە رێڕەوە ئاوییەکەدا نەهاتووە.''
تەنگەی هورمز یەکێک لە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا و پێش دەستپێکردنی جەنگ، رۆژانە 20٪ـی کۆی گشتیی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان پێیدا کەمی کرد، ئەوەش بازاڕەکانی جیهانی تووشی قەیران کرد.
قسەکانی ئیسماعیل بەقایی لەکاتێکدان، رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "دەیەوێت رێککەوتن بکات."
.jpg&w=3840&q=75)

