رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانە سڤیلەکانی وڵاتەکەی بە نموونەیەکی ئاشکرای "تاوانی جەنگ" ناوبرد و جەختی لەسەر بەدواداچوونی یاسایی ئەم هێرشانە لە رێگەی رێکخراو و دادگە نێودەوڵەتییەکانەوە کردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی مەیدانیی دامودەزگاکانی حکومەتدا، سەردانی وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێرانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرانی باڵای وەزارەتەکە، دوایین دۆخی ژێرخانی گواستنەوە و لۆجیستیکی وڵاتەکەی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، لەم کۆبوونەوەیەدا راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر دۆخی دەروازە سنوورییەکان، بەندەرەکان، تۆڕی گواستنەوەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی، هەروەها هێڵی ئاسن پێشکێش بە پزیشکیان کراوە، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر پرۆسەی دابینکردن، گواستنەوە، بارکردن و دابەشکردنی کاڵا سەرەکییەکان بۆ پاراستنی بەردەوامیی زنجیرەی دابینکردن لە کاتی شەڕدا.
بەپێی ئەم راگەیێندراوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەم کۆبوونەوەیەدا راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر ئەو زیانانە پێشکێش کرد کە بە ژێرخانەکانی گواستنەوە، بەندەر، دەروازەکان، پردەکان و تۆڕی هێڵی ئاسن لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا کەوتوون. ئەم راپۆرتە گشتگیرە ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکان بە دامەزراوە لۆجیستی و ستراتیژییەکان کردووە.
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و تێیدا فەرمانی خێراکردنی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە زیانلێکەوتووەکانی دا، هاوکات جەختی لەسەر چالاککردنی رێگەی گواستنەوەی بەدیل کردەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان نەوەستن.
پزیشکیان رایگەیاند کە دەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە بۆ دروستکردنی ژێرخانێک کە خاوەن بەرزترین ستانداردی جیهانی بێت لە بوارەکانی کۆگاکردن، لۆجیستی و بەڕێوەبردنی زیرەک و تەکنەلۆژیای نوێدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەستنەوەی تۆڕی هێڵی ئاسن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە کاری هەرە لەپێش و ستراتیژیی حکومەتەکەی دانا، بۆ ئەوەی لە رێگەی دیپلۆماسییەکی چالاکەوە بەرگریی ئابووریی ئێران بەهێزتر بکەن و سوود لە پێگەی جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکەیان و رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان وەربگرن.
مەسعود پزیشکیان دەشڵێت، "دیپلۆماسیی چالاکی حکومەت بوارێکی گونجاوی بۆ گەشەپێدانی هاوکارییەکانی گواستنەوە و ترانزێت رەخساندووە، و تەواوکردن و بەستنەوەی تۆڕەکانی هێڵی ئاسن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە زیادکردنی خۆڕاگریی ئابووری، گەشەپێدانی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی ترانزێت و زۆرترین سوودوەرگرتن لە تواناکانی جیۆپۆلەتیکی وڵات."
هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە بۆ ماوەی 13 شەوی لەسەریەک و بەردەوام بەڕێوەچوون، لە شەوی 12ـی تەممووزی 2026 دەستیان پێکرد. ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشە ئاسمانی و موشەکییانە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا، ئێرانی بە پێشێلکردنی ئاگربەست و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تۆمەتبار کرد.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، ئەم زنجیرە هێرشە 13 رۆژییە لە شەوی 23ـی تەممووزدا کۆتایی پێهاتووە. دوابەدوای ئەوە، لە شەوی 24ـی تەممووزەوە تاوەکو ئەمڕۆ 26ـی تەممووزی 2026، ئەمریکا هێرشەکانی راگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندنە دیپلۆماسییەکان بدرێت کە بە نێوەندگیریی پاکستان، عومان و قەتەر بەڕێوەدەچن.
ئێران دەڵێت، ئەمریکا لە هێرشەکانیدا ژێرخانە سڤیلەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.


