رووداو دیجیتاڵ
پزیشکی دادی کرماشان دەڵێ، 16 کەس لە کرماشان بەهۆی ژەهراویبوون بە (حەبی برنج) گیانیان لەدەستداوە و بەراورد بە پار ئامارەکە نزیکە لە دوو هێندە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە سێ مانگدا 16 کەس لە پارێزگاکە بەهۆی ژەهراویبوون بە حەبی برنج گیانیان لەدەستداوە، کە 13 پیاو و سێ ژن بوون."
بێهتاش خانی ئاباد ئاماژەی بەوەشکرد، مردن بە حەبی برنج بەراورد بە پار نزیکە لە دوو هێندە و گوتیشی، "پار لە پارێزگاکە 9 کەس بەو هۆیە گیانیان لەدەستدابوو."
بەپێی ئاماری پزیشکی دادی کرماشان، پار 626 کەس لەو وڵاتە بەهۆی ژەهراویبوون بە حەبی برنج گیانیان لەدەستداوە.
قڕکەری (حەبی برنج) چییە؟
بەپێی کشتوکاڵی ئێران، ئەو جۆرە حەبە لە ساڵی 2006ـەوە لەو وڵاتە قەدەخە کراوە، تەنانەت لەلایەن دەزگای کشتوکاڵی نێودەوڵەتیشەوە بە ماددەیەکی قەدەخەکراو دانراوە و کڕین و فرۆشتنی سزای لەسەرە. حەبەکە فۆسفایدی ئەلەمینیۆمی تێدایە کە قڕکەرێکی بەهێزە بۆ کوشتنی قرتێنەر و مێرووەکانی دانەوێڵە.
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا، ئەو قڕکەرە یەکێکە لە قڕکەرە هەرە ژەهراوییە کوژەرەکان کە نەک خواردنی، بەڵکو بەرکەوتن و بۆنکردنیشی مرۆڤ پێی ژەهراوی دەبێت.
ناوەندی نیشتمانیی ئەمریکی دەڵێ، قڕکەرێکی مەترسیداری قەدەخەکراوە و لە وڵاتانی ئاسیا بەکاردێت.



