رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی نوێدا، بەرگریکردن لە حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە چەکدارەکانی بە "بەشێک لە سیاسەتی ستراتیژیی ئێران" دادەنێت و دەڵێ، حکومەتی ئێران پاراستنی سەروەریی خاکی لوبنان بە مەرجی یەکەمی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەزانێت. شەوی یەکشەممە، 26ی تەمموزی 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران پەیامێکی نوێی موجتەبا خامنەییان بڵاوکردەوە کە ئاراستەی سکرتێری گشتی و ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان کراوە. بەپێی میدیای ئێران، موجتەبا خامنەیی لەم پەیامەدا رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێراندا، بەرگریکردن لە حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە چەکدارەکانی وەک بەشێک لە "سیاسەتی ستراتیژیی خۆی" دیاری کردووە. موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پاراستنی سەروەریی خاکی لوبنان و کۆتاییهێنانی تەواو و بێ مەرجی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی، وەک مەرجی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بەو جەنگە سەپێنراوە داناوە کە لەگەڵ ئەمریکای دەستدرێژکاردا هەیە." لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 18ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە واژۆ کرا. بەپێی رێککەوتنەکە ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ درێژ دەکرایەوە تاوەکو دانوستاندنەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەبچن، هەروەها بڕگەیەکی دیکەی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئاماژەی بە کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێکدادانەکان لە لوبنان دەکرد. ئەم لێکتێگەیشتنە دوای هێرشەکانی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر چەند کەشتییەک لە تەنگەی هورمز و پاشان دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە لێواری داڕماندایە. بەڵام ئەم هێرشانە لە شەوی هەینییەوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگیراون و ئێرانیش لە بەرامبەردا هێرشکردنە سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی راگرتووە. رۆژی شەممە، 18ی تەمموزی 2026 و دوای قۆناخی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، پێشێلکردنی بەردەوامی بەڵێنەکان لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە (کە بە "شەیتانی گەورە" وەسفی دەکات) بەرامبەر بەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان سەرۆککۆمارانی ئێران و ئەمریکا واژۆ کرابوو، جارێکی دیکە ئەو راستییەی بۆ هەمووان سەلماند کە واژۆی سەرۆکی ئەمریکا چەندە بێبایەخ و بێبڕشتە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا گوتبووی، "ئێستا کە ئەمریکای دووژمن بەدوای هەڵگیرساندنی جەنگ و سەپاندنی تێچووی قورستر و بێئابڕوویی زیاترەوەیە، دەبێ ئەوە بزانێت کە گەلی ئێران و بەرەی مقاومە وانەی لەبیرنەکراویان پێیە." موجتەبا خامنەیی، لە کاتی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی 2026، لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو کە ئەو لە بنەڕەتدا "را و بۆچوونی جیاوازی" لەسەر ێککەوتنەکە هەبووە، بەڵام بەهۆی بەڵێن و پێداگریی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رێگەی بە واژۆکردنی داوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە رەزامەندییەکەی دوای ئەوە هاتووە کە مەسعوود پزیشکیان، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەڵێنی پێداوە کە مافەکانی گەلی ئێران و بەرژەوەندییەکانی "بەرەی مقاوەمە" بە تەواوی بپارێزرێن.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست27-07-2026راپۆرتێک: فەرماندەی سێنتکۆم پێشنیازی راگرتنی بۆردوومانەکانی (هورمز)ـی کردووە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست26-07-2026ئێران و عومان بۆ دانانی ''میکانیزمێک'' بۆ هاتووچۆ بە تەنگەی هورمزدا کۆبوونەوە