رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا لە شاری رۆما بەڕێوەبچن. ئامانج لە کۆبوونەوەکە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان هەردوولایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
میدیاکانی ئەمریکا رۆژی دووشەممە، 27-07-2026، لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاویانکردەوە، شاندە تەکنیکییەکان لە رۆژانی 4 تاوەکو 6ـی ئاب لە پایتەختی ئیتاڵیا کۆدەبنەوە. ئەم کۆبوونەوانە دوای سەرکەوتنی یەکەم "ناوچەی ئەزموونی" لە باشووری لوبنان و دیداری نێوان جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان و دۆناڵد ترەمپ دێن.
فراوانکردنی ناوچە ئەزموونییەکان
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بریتین لە فراوانکردنی ناوچە ئەزموونییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکانی سنوور و کارکردن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر. بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێ، ئەمە دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان و چەککردنی رێکخراوە چەکدارەکان.
چوارچێوەی رێککەوتنەکە کە لە 26ـی حوزەیران واژۆ کرا، کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە لوبنان لەخۆدەگرێت. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بەوەی سوپای لوبنان تەواوی بەرپرسیارێتیی ئەمنی بگرێتە ئەستۆ و گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا چەک بکرێن.
زیانەکانی جەنگ
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و زیانی زۆری بە لوبنان گەیاندووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 4,328 کەس کوژراون و 12,232 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئیسرائیل هێشتا بەشێک لە خاکی باشووری لوبنانی لەژێر دەستدایە، کە هەندێکیان لە ساڵی 2023ـەوە کۆنتڕۆڵی کردوون.
ئێستا ناوچەکە لە قۆناخێکی هەستیاردایە و ئیدارەی ترەمپ گوشار دەخاتە سەر هەردوولا تاوەکو ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە بگەنە ئەنجام و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم ناوچە ئەزموونیانەوە متمانە لە نێوان هەردوولادا دروست بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.


![سێ رۆژە شەڕ وەستاوە؛ سعودیە درۆنەکانی [گرووپە چەکدارەکانی] عێراق تێکدەشکێنێت](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260727200030_AFP__20260727__C39X7AF__v1__HighRes__IranUsIsraelWar.jpg&w=3840&q=75)