رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی (MarineTraffic) بۆ چاودێریی کەشتیوانی، ئاستی هاتووچۆی کەشتییەکان لە هەردوو تەنگەی ستراتیژیی هورمز و بابولمەندەب گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە؛ لە کاتێکدا چالاکییەکان لە هورمز بەشێوەیەکی بەرچاو داکشاون، تەنگەی بابولمەندەب جووڵەیەکی زۆرتری بەخۆوە بینیوە.
لە نێوان 24 بۆ 26ی تەممووزی 2026، تەنیا 29 کەشتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕیون. لەو ژمارەیەش 21 کەشتییان لە کەنداو چوونەتە دەرەوە و تەنیا 8 کەشتی هاتوونەتە نێو ناوچەکە. نیوەی ئەو کەشتییانەی تێپەڕیون، رێڕەوی ئاویی ئێرانییان بەکارهێناوە، لە کاتێکدا شوێنی بەشەکەی دیکەیان بە نادیاری ماوەتەوە.
بە پێچەوانەی هورمزەوە، لە هەمان ماوەدا تەنگەی بابولمەندەب چالاکییەکی چڕی بەخۆوە بینیوە و 100 تێپەڕبوونی کەشتی تێدا تۆمارکراوە. بەپێی داتاکان، 51 کەشتی چوونەتە نێو دەریای سوور و 49 کەشتییش لێی چوونەتە دەرەوە. 10 لەو کەشتییانە بە شێوەی "گەشتی تاریک" (Dark Voyage) و بە کوژاندنەوەی ئامێرەکانی دیاریکردنی شوێن تێپەڕیون بۆ ئەوەی لە چاوەکان ون بن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای دەسپێکی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە شوباتی 2026ـەوە، لە دۆخێکی ئەمنی پڕکێشەدایە. کۆمپانیاکانی کەشتیوانی سەرەڕای مەترسییەکان، هێشتا بابولمەندەب وەک رێگەیەکی سەرەکی دەبینن، بەڵام سستبوونی جووڵە لە هورمز کە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، زەنگێکی مەترسییە بۆ نرخەکانی وزە و بازرگانیی جیهانی.
شارەزایان پێیانوایە هەر جۆرە پەککەوتنێکی زیاتر لەم دوو جومگە سەرەکییەی جیهان، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گرانبوونی کاڵا و سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا دەبێت.


![سێ رۆژە شەڕ وەستاوە؛ سعودیە درۆنەکانی [گرووپە چەکدارەکانی] عێراق تێکدەشکێنێت](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260727200030_AFP__20260727__C39X7AF__v1__HighRes__IranUsIsraelWar.jpg&w=3840&q=75)