رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان سێ نەوتهەڵگری "سەرپێچیکار"یان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و رایانگرتوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تەمموزی 2026، فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە 53ـیدا بڵاویکردەوە، لە تەنگەی هورمز هێرشیان کرووەتەوە سەر سێ کەشتیی نەوتهەڵگر، دوای ئەوەی سەرپێچییان لە رێنماییەکانی ئێران کردووە و گوێیان نەداوەتە هۆشدارییەکانیان.
فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت: "سێ نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییەکانی ئێمە، بەردەوام بوون لە جووڵە لەسەر رێڕەوە نائارام و نایاساییەکان، کرانە ئامانج و راگیران."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "جارێکی دیکە هۆشداری دەدەین، کە دەستێوەردان و فەرمانە نایاساییەکانی سوپای ئەمریکا بەسەر کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی ناوچەکەدا، بێ وەڵام نامێننەوە."
سوپای پاسداران هەروەها جەخت لەسەر باڵادەستیی خۆی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە و دەڵێت: "کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی تەواوی تەنگەی هورمز لەلایەن هێزەکانمانەوە بەردەوام دەبێت."
ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە کە پرسی تەنگەی هورمز و ئاسایشی دەریاوانی و هاتووچۆی نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەکە و کەنداودا، بووەتە چەقی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ئێران لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە تەنگەی هورمزی داخستووە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، دۆخەکەی ناگەڕێتەوە بۆ بەر لە جەنگ و بۆ دووبارە کردنەوەشی داوا دەکات، تەنگەکە لەمەودوا لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت.

.webp&w=3840&q=75)
