رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لەبارەی هەر جۆرە دەستوەردانێک لە تەنگەی هورمز هۆشدارییەکی تووند دەداتە وڵاتانی ئەورووپا و رایدەگەیێنێت: "هەر کەشتییەکی جەنگیی ئەورووپی بیەوێت لە تەنگەی هورمز نزیک ببێتەوە، دەبێتە ئامانجێکی رەوامان"
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، شەوی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەر کەشتییەکی جەنگیی وڵاتانی ئەورووپا کە بیەوێت لە تەنگەی هورمز نزیک ببێتەوە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە وەک ئامانجێکی رەوا سەیر دەکرێت و هێرشی دەکرێتە سەر.
غەریبئابادی دەڵێت: "بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ 34 وڵاتی دیکە هاوپەیمانییەکیان بۆ پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مینەکان پێکهێناوە و چەندین جار لەمبارەیەوە قسەیان لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام تاران بە روونی پێی راگەیاندوون، بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێ نادات."
بە گوتەی غەریبئابادی، بەپێی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا واژۆ کراوە، دەبێت پرۆسەی پاککردنەوەی مین لە تەنگەی هورمز تەنیا لەلایەن ئێرانەوە بکرێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بە ئەوانمان گوتووە ئەگەر کەشتییە جەنگییەکانیان بۆ هەڵگرتنەوەی مینەکان لە تەنگەی هورمز نزیک ببنەوە، دەبنە ئامانجێکی رەوای کۆماری ئیسلامیی ئێران."
کازم غەریبئابادی ئاشکراشی کرد کە عومانییەکان دەیانویست وڵاتێکی دیکە بۆ پاککردنەوەی مین لە بەشی باشووری تەنگەی هورمز بهێنن، بەڵام تاران بە تووندی هەنگاوەکەی مەسقەتی رەتکردەوە و ئەو رێگەیەی بە لایەنی عومانی نەداوە.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن کە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزەیە لە جیهاندا و پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، رۆژانە 20٪ـی کۆی گشتیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، بەڵام دوای ئەوەی تەنگەکە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە داخرا، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەکەدا زۆر کەمی کردووە و ئەمەش قەیرانی ئابووری لەسەر ئاستی جیهانی لێکەوتووەتەوە.
بەریتانیا و فەرەنسا رایانگەیاندووە، هاوپەیمانییەکیان بۆ هەڵگرتنەوەی مینە دەریاییەکان و دابینکردنی ئاسایش لە تەنگەی هورمز پێکهێناوە و ئامادەن کەشتیی جەنگی و کەشتیی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین بۆ تەنگەکە بنێرن، بەڵام هەنگاوەکەی ئەو دوو وڵاتە ئەورووپییە رووبەڕووی کاردانەوەی تووندی ئێران بووەتەوە.
ئێران رەتیدەکاتەوە، رێگە بە هیچ وڵاتێکی دیکە بدات دەستوەردان لە کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بدات و دەڵێت، بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کراوە، تەنیا تاران مافی ئەوەی هەیە، مینەکان لە تەنگەکە هەڵبگرێتەوە و ئاسایشی هاتووچۆی کەشتییەکان دابین بکات.
.webp&w=3840&q=75)

