رووداو دیجیتاڵ
گرووپی حووسییەکانی یەمەن، سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکەن و دەڵێن، عێراق هەموو مافێکی هەیە وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی2026، مەکتەبی سیاسیی حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا، کە کەناڵی (ئەلمەسیرە)ی سەر بە گرووپەکە بڵاویکردەوە، هێرشەکانی سەر عێراقی بە "دەستدرێژییەکی ناڕەوا و ترسنۆکانە" ناوبرد و گوتی: "ئەم هێرشە پێچەوانەی هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە."
حووسییەکان لە پەیامەکەیاندا هاوسۆزیی تەواوی خۆیان بۆ گەلی عێراق و حەشدی شەعبی دەربڕی و هێرشەکانیان بە "بەشێک لە لووتبەرزیی ئەمریکا و ئامرازەکەی (سعودیە) بەرامبەر گەلانی ناوچەکە" وەسف کرد، کە بە گوتەی ئەوان لە خزمەتی "پڕۆژەی زایۆنی دایە."
راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت، سوپا، گەل و حەشدی شەعبی لە عێراق مافی تەواوی خۆیانە وەڵامی ئەم هێرشانە بدەنەوە. هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی لە بەرامبەر ئەو "پشێویانەی ئەمریکا و سعودیە لە ناوچەکەدا" بگرێتەبەر.
ئەم هەڵوێستەی حووسییەکان دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە هێرشی هاوبەشیان کردە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی کە کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
گرووپی حووسییەکان لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق، پێکەوە بەشێکن لەو هاوپەیمانێتییەی کە بە "میحوەری موقاوەمە" دەناسرێت و لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.
.jpg&w=3840&q=75)

