رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەسێکیان لە بۆکان کوشتووە و کەسەکەشیان بە "ئەندامی گرووپە جوداخوازەکان" ناوبردووە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، قەرارگەی حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەو کەسە بەنیاز بووە، کردەوەیەک دژی ئاسایشی بۆکان بکات، بەڵام دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی قەرارگەی حەمزە، کوژراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی قەرارگەی حەمزە، ئەو کەسەی کوژراوە دوو چەک و کۆمەڵێک فیشەکی پێبووە.
قەرارگەی حەمزە، هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو کەسە بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا گوتوویەتی، "ئەندامی گرووپە جوداخوازەکان بووە"، ئێران دەستەواژەی "جوداخواز" بۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنێت.
سەرچاوەیەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی سوپای پاسداران کە بە بازگەی سیلۆی گەنم ناسراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون و چەند کەسێکیشیان بریندار بوونە و دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی بۆکان.
دوای هێرشەکە چەکدارەکان لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتوون. دوای چەند کاژێرێک ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنی لە بۆکان و دەوروبەری بڵاوەیان پێکراوە.
هاوکات میدیا نێوخۆییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش باسیان لە تێکهەڵچوونەکە کردووە و باس لە برینداربوونی ژمارەیەک هێزی ئەمنی دەکەن.




