رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی بۆ "چەکداماڵینی تەواوەتی"ـی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند و ئەم هەنگاوەی بە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی فەلەستینی لە کەرتی غەززە وەسف کرد.
رۆژی هەینی، 31ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال نووسی: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاشتی گەیشتە رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی حەماس و هەموو گرووپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە. ئەمە هەنگاوێکی مەزنە بەرەو ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام"؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە پڕۆسەی چەکداماڵینەکە بە چەند قۆناخێکی "ورد و پلان بۆ داڕێژراو" جێبەجێ دەکرێت.
کشانەوەی ئیسرائیل و هێزی نێودەوڵەتی
بەپێی پلانی راگەیێندراو، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی چەکداماڵین، هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکشێنەوە و "هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری" لەگەڵ هێزێکی نوێی پۆلیسی فەلەستینی بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەگرنە ئەستۆ. ترەمپ لەم چوارچێوەیەدا سوپاسی وڵاتانی میسر، قەتەر و تورکیای کرد بۆ رۆڵی نێوەندگیرییان.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پرسی چەکداماڵینی حەماس یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین کۆسپەکانی بەردەم رێککەوتنی ئاگربەست کە لە مانگی تشرینی یەکەمی پارەوە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەیە. سەرەڕای ئاگربەستەکە، تووندوتیژییەکان بەردەوامن و رۆژی پێنجشەممە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە چوار کەس لە غەززە کوژران.
حکومەتی تەکنۆکرات و لەنێوبردنی توونێلەکان
پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی ئاماژە بەوە دەکات، لە قۆناخی گواستنەوەی دوای جەنگدا، "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" کە لە کۆمەڵێک کەسانی تەکنۆکرات پێکدێت، کاروباری رۆژانەی غەززە بەڕێوەدەبەن.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار رایگەیاند، پڕۆسەکە هیچ جیاکارییەک بۆ چەک یان کەسەکان ناکات و درووشمی "یەک دەسەڵات، یەک یاسا و یەک چەک" جێبەجێ دەکرێت. هەروەها پلانەکە پڕۆسەیەک دەگرێتەبەر بۆ لەنێوبردنی هەموو توونێلەکان، کۆگەکانی چەک و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک لە غەززە.
هەڵوێستی لایەنەکان
سەرچاوەیەکی حەماس ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوەکە هێشتا خەریکی پێداچوونەوە و هەموارکردنی پێشنیازەکەیە، بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە جۆری چەکەکانەوە هەیە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئیسرائیلی رایگەیاند، ئەم پێشنیازە بە تەواوی داواکارییەکانی ئیسرائیل ناپێکێت. سەرچاوەکە گوتی: "ئیسرائیل داوای چەکداماڵینی تەواوەتیی حەماس و داماڵینی غەززە لە چەکدار وەک مەرجی پێشوەختە بۆ هەر پڕۆسەیەک دەکات"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ترەمپ لە واشنتن، پرسی غەززە بە هیچ شێوەیەک باس نەکراوە.



