رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت دەڵێ، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکشکاندووە.
سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت، رۆژی هەینی (31ـی تەممووزی2026) رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چەند درۆنێکی ئێرانیان لە ئاسمانی کوێت تێکشکاندووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت ئەم هێرشانەی بە "دەستدرێژیی ناڕەوای ئێران" ناوبرد و گوتی، ئامانجی درۆنەکان چەند دامەزراوەیەکی وڵاتەکە بووە؛ گوتیشی: "بەهۆی کەوتنی پاشماوە و پارچەی درۆنە تێکشکاوەکانەوە، زیانی مادی بەر هەندێک شوێن کەوتووە."
وەزارەتی بەرگریی کوێت باس لەوە دەکات، هێزە چەکدارەکانی لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی کوێت، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 16ـی تەمموزی 2026 ئێران بە 1002 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، 387 مووشەکی بالیستی و 25 مووشەکی کروز هێرشی کردوەتە سەر ئەو وڵاتەی کەنداو.



