رووداو دیجیتاڵ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان ئەمڕۆ دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج. دەشڵێت، چوار کەشتیی نەوتهەڵگری دیکە دوای رووداوەکە بە خێرایی بۆ دواوە گەڕاونەتەوە. ئەمڕۆ هەینی، 31ی تەمموزی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە تەنگەی هورمز رێگرییان لە تێپەربوونی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کردووە. سوپای پاسداران دەڵێت: "لە کاژێرە سەرەتاکانی ئەمڕۆ هەینیدا، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار لە ژێر کاریگەری فێڵ و خەڵەتاندنی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بەو خەیاڵەی کە دەتوانن بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکانمان و بە پاسەوانیی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا بە رێڕەوێکی نائەمن و نایاساییدا بڕۆن و لە تەنگەی هورمز تێپەڕن، کرانە ئامانج و راگیران." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای پێكانی ئەو دوو کەشتییە نەوتهەڵگرە، چوار کەشتیی نەوتهەڵگری دیکە بە خێرایی ئاڕاستەی جووڵەی خۆیان گۆڕی و گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتبوون." سوپای پاسدارانی ئێران، ئاماژە بەوە دەکات، دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "شەوی رابردوو لە وەڵامی راگەیێندراوە درۆینەکەی سێنتکۆمدا، بە هەموو خاوەن کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و دڵنیاییمان (بیمە) راگەیاند کە گوێ بە راگەیێندراوەکانی سێنتکۆم نەدەن. پێمانگوتن، دەتوانن لەوانە بپرسن کە فێڵیان لێکراوە و تووشی رووداو بوون." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی تووند دەداتە واشنتن و رایدەگەیەنێت: "دەستێوەردان و فەرمانە نایاساییەکانی سوپای ئەمریکا بە کەشتییەکانی ناوچەکە، بێ وەڵام نامێننەوە." ئەم پەرەسەندنە دەریاییە لە کاتێکدایە کە تەنگەی هورمز، گرنگترین رێڕەوی ستراتیژیی وزە لە جیهاندا، بەهۆی شەڕی نێوان واشنتن و تارانەوە گەیشتووەتە قۆناغی قفڵبوونی تەواوەتی. دوای ئەوەی ئەمریکا لە شەپۆلێکی نوێدا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەکانی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران، تاران تەنگەی هورمزی داخست. لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران گەڕاندووەتەوە.