رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێت، هێرشێکی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی (ئەحمەد ئەلجابر)ـی ئەمریکا لە کوێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیانی زۆریان بە کۆگەکانی سووتەمەنی، پەناگەی فڕۆکە جەنگییەکان و رادارەکانی پەیوەندی گەیاندووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 31-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە قۆناخی 27ـەمی ئۆپەراسیۆنی ''هەورەبرووسکە''ـدا هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی (ئەحمەد ئەلجابر)ـی ئەمریکا لە کوێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە درۆن کراوە و تێیدا چەندین شوێنی ستراتیژی وەک پەناگەی فڕۆکە جەنگییەکان، سیستمی پەیوەندیی مانگی دەستکرد و کۆگەکانی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکا کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
سوپای ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی ئەحمەد ئەلجابر، لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بووە، بۆ سەر دوورگەی قیشمی باشووری وڵاتەکە.
بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە، سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر دوورگەی قیشمی سەر بە پارێزگای هورمزگان و لانیکەم دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەکە بیستراوە.
بەگوتەی ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان، ەند مووشەکێک بەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە گەرەکی (چاه تەنگو) لە دوورگەکە کەوتوون.
زانکۆی پزیشکیی پارێزگای هورمزگانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە دوورگەی قیشم، سێ کەس کوژراون و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.



