رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا، لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی، داخرانی تەنگەی هورمز قورستر دەکات؛ دەشڵێت: ''باجەکەی ئابووریی جیهان، بازاڕی وزە و دەنگدەرانی ئەمریکی دەیدەن."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 01-08-2026، محەممەدباقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەمریکا کرد کە تێیدا هاتووە: ''بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی و ''ئاژاوەگێڕییەکان''ـی ئەمریکا، هۆکارن بۆ داخرانی ''قورستر''ـی تەنگەی هورمز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیەوە.
بەگوتەی محەممەدباقر زولقەدر، ئەگەر ئەمریکا لەسەر گەمارۆ دەریاییەکان بەردەوام بێت، ''ئەوە رێڕەوە ئاوییەکانی دیکەش دادەخرێن. باجەکەشی ئابووریی جیهان، بازاڕی وزە و دەنگدەرانی ئەمریکی دەیدەن."
پەیامەکەی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا ئەمریکا بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر ئێران و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەش بە مووشەک و درۆن وەڵامیان داوەتەوە، ئەوەش مەترسیی گەڕانەوە بۆ جەنگێکی گشتگیر و فراوانبوونی زیاتری لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئێران رایگەیاند مووشەکی بالیستی ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی 'موەفەق'ـی لە ئوردن کردووە کە ناوەندێکی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، مووشەکەکان تێکشکێنراون، هەروەها سعودیە بەشداربوو لەگەڵ ئەمریکا لە لێدانی چەندین شوێنی لۆجستی و چەکی گرووپەکان لە عێراق.
ئەم یەکەم هێرشە هاوبەشەی ئەمریکا و سعودیە کە بە ئاشکرا راگەیێندرا، دوای هێرشی درۆنی بۆ سەر شانشینەکە هات، ئەمەش ململانێکەی ئاڵۆزتر کردووە کە ئێستا نزیکەی هەموو وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
