گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هەر هێرشێکی دووژمن، تەنیا لە ناوچەی کەنداوی فارس دا نابێت.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیبراهیم رەزایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسی، وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هەر هێرشێکی دووژمن، تەنیا لە ناوچەی کەنداوی فارس دا نابێت، بەڵکو هێرش دەکەنە سەر "هەموو بنکەکانی دووژمن و سەرچاوەی هێرشەکان لە هەر کوێیەک بن".
شەوی شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
لە گفتوگۆکاندا، کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران نێوەڕۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران لێکەوتەکانی هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەترسییەکانی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە روو.
عێراقچی هۆشداریی دا کە "ئەم جۆرە هەنگاوانە ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەبەن و مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان دەگەێیننە لووتکە."
وەزیری دەرەوەی ئێران لەم پەیوەندییانەدا جەختی لەسەر ئامادەییی تەواوەتیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەییی خاک و رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە "سەرکێشییەکی" سوپای ئەمریکا بە وەڵامێکی تووند و یەکلاکەرەوە رووبەڕوو دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمی و سێ لاپەڕەییدا، هەڵوێستی تووندی وڵاتەکەی بەرامبەر پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئەمدواییە و "پەیمانشکێنییەکانی واشنتن" راگەیاند و گوتی، هێزە چەکدارەکانیان بە تەواوی توانایانەوە بەرگری لە خاکی ئێران دەکەن و چیدیکە بوار بۆ دەستدرێژی ناهێڵنەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکرایەوە هاتووە، لە کاتێکدا کە ئێران و ئەمریکا لە 18ی حوزەیرانی 2026دا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئابادیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کردبوو، بەڵام لایەنی ئەمریکایی بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی بەندەکانی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، خولی نوێی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" لە ئێوارەی 17ی تەمووزەوە دەستیپێکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ رێوڕەسمــی بەخاکسپاردنی تەرمی "رێبەری شەهید" (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی).
تاران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ واشنتن کە بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر" و "رووداوی دەستکرد بۆ سێ کەشتی"، هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئێران.



